2020-10-27   514     
د. ئارام محمد
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینهوهی زانستی حكومهتی ههرێمی كوردستان ئاماژه بۆ ئهوه دهكات كه کەمپی ناو شار-كهمپی كۆنی زانكۆ دەكەینە زانکۆی سلێمانی پزیشکی.
ئاوێنه: ئەمڕۆ سێشهممه، د. ئارام محمد وەزیری خوێندنی باڵا سهردانی زانکۆی سلێمانی كردو لەگەڵ ئەنجومەنی زانکۆكه کۆبۆوە.
لەكۆبونەوەكدا لەگەڵ د. ڕەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆو ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی، د. ئارام محمد ڕایگهیاند، کار دەكرێت بۆ ئەوەی کەمپی ناوشاری زانکۆی سلێمانی بکرێتە زانکۆی سلێمانی پزیشکی، بەمەبەستی زیاتر خزمەتکردنی شاری سلێمانی، بۆ ئەم مەبەستەش داوای لەئەنجومەنی زانکۆ کرد هاوکاری ئەم پرۆژەیە بن تا ئەم پڕۆژەیە سەربکەوێت، کە زەرورەتێکی گرنگە بۆ شاری سلێمانی.
هاوكات هەمو ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بەفرۆشتنی کەمپی ناو شاری زانکۆی سلمانی دەکرێت ڕەتکردەوە، دوپاتیشیكردەوە كه "ئەم ڕەفتارە بەهیچ شێوەیەك ڕونادات، چونکە ئەو زانکۆیە دیاری سەرۆك مام جەلالە بۆ سلێمانی وەکو هێمایەكی دیارە بۆ ئەم شارە."
لهبارهی خوێندنی ئهمساڵی زانكۆو پهیمانگاكان، وەزیری خوێندنی باڵا جەختی کردەوە بەگوێرەی سیستەمی خوێندنی ئاوێتە ئەولەویەت بۆ خوێندنی ناو کەمپەسە، هیواشی خواست کاتێک بارودۆخەکە باشتر بێت هەمو وانەکان لەناو کەمپەس بخوێنرێت.
ڕاشیگەیاند، بەپێی راپۆرت و هەڵسەنگاندن و ڕێکارانەی لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆناو وەزارەتی تەندروستی، زانکۆکان بە جێبەجێکردنی سەرجەم پرۆتۆکۆل و ڕێنمایەکان لەگەڵ رەوشی تەندروستی هەرێم دەگونجێنن، بەشێوەیەک پاراستنی گیانی خوێندکاران وفەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆکان لەبەرچاو بگیرێت.