پارتی‌ بۆ په‌كه‌كه‌: چیتر كێشەی خۆتان‌و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان
  2020-10-27       413       
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ڵامی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت، بونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان‌و چیتر كێشەی خۆتان‌و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان.

ئاوێنه‌: مەحمود محەمەد ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ به‌ناوی‌ "وەڵامێک بۆ سەرانی پەکەکە" بڵاوكردۆته‌وه‌و له‌به‌شێكیدا هاتووه‌، "پەكەكە بەئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان‌و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەوان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بەخاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بەمیوان."

راشیگه‌یاندووه‌، "ئێمە بڕوای تەواومان بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای گەلی كوردو تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە. لێدوان‌و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان  هەبووە و بۆ ڕێگەگرتن لەتێكچوونی زیاتری بارودۆخ داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان‌و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان."

دوێنێ دوشه‌ممه‌، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، پارتی تۆمەتبار كرد بەوەی كە لەڕێگەی جوڵەپێكردنی هێزەكانییەوە خەریكی ئامادەكارییە بۆ شەڕ. داواشی‌ له‌مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی كرد لەوبارەیەوە بۆچونی خۆی بخاتەڕو.


ده‌قی‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ پارتی‌:



وەڵامێک بۆ سەرانی پەکەکە

جێگەی داخێكی زۆرە كە لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی كوردستانە.
لە دوایین لێدوانەكانیشیاندا نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری و، ئاوەژووكردنی ڕاستییەكان بە ئاشكرا دیارە. ئەم جۆرە ڕەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە ڕاستیدا ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان. ساڵانێكی زۆرە بە سەرانەوەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵك، ڕێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند و گەڕانەوەی خەڵكی سڤیل بۆ ناوچەكانیان گرتووە. گۆڕەپانی شەڕ و ململانێكانیان گواستووەتەوە ناو هەرێمی كوردستان و ڕۆژانە هاووڵاتیانی هەرێم باجی مرۆیی و ماددی ئەو ڕەفتاری پەكەكە دەدەن. كارمەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەهید دەكەن و هێشتایش پێیانوایە ئەوان هەڕەشە نین و هەرێمی كوردستان دەپارێزێن!
پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەوان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان.
لە وەڵامی وتەكانیاندا دەڵێین ئێمە بڕوای تەواومان بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای گەلی كورد و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە. لێدوان و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان  هەبووە و بۆ ڕێگەگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخ داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان.
مەحمود محەمەد
وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
27ـی ١٠ـی 2020
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×