ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
  2020-10-28       487       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەدانیشتنی ئەمڕۆیدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش تاوتوێ كردو دو پەیڕەویشی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتەکانی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسیی و میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان پەسەندكرد.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە بابەتی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و هەوڵەکانی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD ) خستەڕو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران کۆمەڵێک پێشنیار و بڕیاری لەمبارەیەوە پەسەند کرد.

لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکەدا، عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕەشنوسی پڕۆژەی تایبەت بە دو پەیڕەوی خستەڕو، کە بریتی بون لە (پەیڕەوی ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان) و ( پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان).

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ڕاسپارد کە درێژە بە پرۆسەی چاکسازیی بدات لە لیستی ناوی ئەوانەی کە بە ناشایستەیی سودمەندن لەو ماف و ئیمتیازاتانەو جەختکرایەوە لە پاراستنی ماف و ئیمتیازاتی ئەوانەی شایستەی وەرگرتنی ئەو ماف و ئیمتیازاتانەن.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆکردن، لە ڕوی مەبدەئیەوە هەردو پەیڕەوەکەی پەسەندکرد بەڕەچاوکردنی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە کۆبونەوەکەدا خرانەڕو، بە ئاراستەی باشترکردنی ژیان و بژیۆی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی و پاراستنی مافەکانیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×