"هانی كوشتنی ملیۆنان فەرەنسی دەدات"، تویتێكی سەرۆك وەزیرانی پێشوی مالیزیا سڕدرایەوە
  2020-10-29       1182       

كۆمپانیای تویتەر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تویتێكی مەهاتیر محەمەد، سەرۆك وەزیرانی پێشوی مالیزیای سڕییەوە كە تێیدا "هانی كوشتنی ملیۆنان فەرەنسی دەدات."

ئاوێنە: مەهاتیر محەمەد، سەرۆك وەزیرانی پێشوی مالیزیا، نزیكەی 13 تویتی لەسەر روداوەكانی فەرەنسا كردون تێیدا رەخنەی توندی لە هەڵوێستی ئەو وڵاتە سەبارەت بە كاریكاتێرەكانی پێغەمبەری ئیسلام گرتوە.

تویتەر لەنێو ئەو زنجیرە تویتانەی سەرۆك وەزیرانی پێشوی مالیزیادا، یەكێكیانی سڕیوەتەوە ئەوەش بە هۆكاری پێشێلكردنی رێساكانی كۆمپانیاكە.

لە تویتە سڕدراوەكەی، مەهاتیر محەمەددا كە ژمارە 12 بو سەبارەت بە روداوەكانی فەرەنسا، هاتبو"موسڵمانان مافی خۆیانە توڕە ببن و ملیۆنان فەرەنسی بكوژن وەك تۆڵەكردنەوەی ئەو كۆمەڵكوژیانەی كە لە رابردودا لەلایەن فەرەنسییەكانەوە ئەنجام دراون."

تویتەر، ئەم تویتەی سەرۆك وەزیرانی پێشوی مالیزیای دوای ئەوە سڕیوەتەوە كە بەكارهێنەرانی دیكەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكە راپۆرتیان داوە لەسەر ئەوەی كە هاندانە بۆ توندوتیژی دژبە فەرەنسییەكان.

لە تویتی بەرلەوەدا ماهاتیر محەمەد نوسیویەتی"ماكرۆن پێناچێت كەسێكی شارستانی بێت، ئەو مرۆڤێكی زۆر سەرەتاییە كاتێك سەرزەنشتی ئیسلام و موسڵمانان دەكات لەسەر كوشتنی مامۆستاكە... ئەم كارە لەگەڵ ئامۆژگارییەكانی ئیسلام یەكناگرێتەوە."

بەقسەی سەرۆك وەزیرانی پێشوی مالیزیا "وێڕای ئاشكرایی ئایین، بەڵام خەڵكی توڕە كوشتن ئەنجام دەدەن. بەدرێژایی مێژوی خۆیشیان فەرەنسییەكان ملیۆنان خەڵكیان كوشتوە كە زۆرێكیان موسڵمان بون."

لە زنجیرە تویتەكەیدا درێژەی داوەتێ و نوسیویەتی"بەڵام موسڵمانان بەگشتی پرەنسیپی 'العین بالعین'یان پەیڕەو نەكردوە. موسڵمانان ئەوە ناكەن و دەبێت فەرەنسییەكانیش ئەوە نەكەن."

هەروەها وتوشیەتی"مادام ماكرۆن سەرزەنشتی موسڵمانان دەكات بەهۆی كردەوەی كەسێكی توڕەوە، مافی موسڵمانانە سزای فەرەنسییەكان بدەن. بایكۆت ناتوانێت قەرەبوی هەمو ئەو هەڵانە بكاتەوە كە فەرەنسییەكان بەدرێژایی ئەم ساڵانە ئەنجامیان داون."

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×