وەزیری ناوخۆی فەرەنسا: چاوەڕێی هێرشی ترسناكی دیكەین
  2020-10-30       484       

جێراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەكەی چاوەڕێی هێرشی زیاتری هاوشێوەی هێرشەكەی دوێنێی نیس دەكات كە تێیدا پەلاماردەرێك بەچەقۆ سێ كەسی كوشت و ژمارەیەكی دیكەشی برینداركرد.

ئاوێنە: جێراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند"ئێمە لە شەڕدا نین دژبە ئایینێك بەڵكو لەشەڕداین دژبەو ئایدۆلۆژیا ئیسلامییەی كە دەیەوێت یاسا كەلتوری و كۆمەڵایەتییەكانی بسەپێنێت. ئەو دوژمنەش لە ناوخۆ و دەرەوەیە. دەبێت بزانین كە هاوشێوەی ئەو هێرشە ترسناكەی رویدا، جارێكی دیكە دوبارە دەبێتەوە."

ئەوەشی خستەڕو"ئێمە لەئێستادا بەشێوەیەكی تایبەت كراوینەتە ئامانج بەهۆی ئەو بانگەشە زۆر توندانەی بۆ رقلێبونەوە دەكرێن لەلایەن هەندێك لە سەركردەكانی وڵاتانی بیانییەوە. من بیر لە لێدوانە ئابڕوبەرەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا دەكەمەوە."

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوانەی دەڵێن، بەداخستنی سنورو دەركردنی بیانییەكان لەوڵات كێشەی تیرۆر چارەسەر دەبێت، درۆ لەگەڵ فەرەنسییەكان دەكەن.

 ئاشكراشیكرد، لەماوەی مانگی رابردودا بڕیاری دەركردنی 14 كەسی توندڕەو جێبەجێكراوەو بڕیاریشە 18 كەسی دیكە لەماوەی چەند رۆژی داهاتودا دەربكرێن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×