پەرلەمانتارێكی ئێرانی دەڵێت: "شیعەكانی میشیگان" هۆكاری شكستی ترەمپ بون
  2020-11-05       525       

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمانتارێكی ئێرانی بانگەشەی ئەوەی كرد كە "شیعەكانی ویلایەتی میشیگان" بونە هۆی شكستی ترەمپ و سەركەوتنی جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراتەكانی ئەمریكا لەو ویلایەتە.

ئاوێنە: موجتەبا رەزاخا، پەرلەمانتاری ئێران، لە تویتێكدا نوسیویەتی"یەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی ترەمپ لە ساڵی 2016، دجەنگی ویلایەتی میشیگان بو، بەڵام ئەم جارە شیعەكانی میشیگان كە چەند مانگێك لەمەوبەر دژبە كوژرانی قاسم سولەیمانی ناڕەزایەتییان دەربڕی بو، خۆیان دژ بە ترەمپ رێكخست و بونە هۆكاری شكستی ترەمپ لە ویلایەتی میشیگان و بەوەش ئەگەری هەیە ببنە هۆكاری شكستی كاندیدەكەی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكادا."

دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، چالاكوانانی دژ بە شەڕ لە چەندین شاری جیهان چالاكی جۆراو جۆریان سەبارەت بە مەترسییەكانی شەڕ سازدا، یەكێك لەو شارانەش شاری دیترۆیت بو لە ویلایەتی میشیگان.

بی بی سی لەوبارەیەوە نوسیویەتی، هەرچەندە ژمارەی ئەو كەسانەی لەو شارەی ئەمریكا چالاكییەكەیان ئەنجامدابو، لە دە كەسێك تێنەدەپەڕین، بەڵام دیار نییە پەرلەمانتارەكەی ئێران چۆن ئەوانەی بە "شیعە" ناوبردون. 

بەپێی قسەی بی بی سی، لەدوایین ئامارەكاندا دەردەكەوێت كە كۆی گشتی ژمارەی موسڵمانانی ویلایەتی میشیگان 120 هەزار كەسن بە شیعەو سوننەوەو لەو ژمارەیەش هەمویان مافی دەنگدانیان نەبوە لەكاتێكدا جیاوازی نێوان دەنگەكانی بایدن و ترەمپ لە ویلایەتەكە 150 هەزار دەنگ بوە.

بی بی سی ئاماژەی بەوەداوە كە بەو شێوەیە دەردەكەوێت، بانگەشەكەی موجتەبا دەربارەی رۆڵی چارەنوسسازی شیعەكانی میشیگان لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكادا راست نییە.

موجتەبا، تویتەكەی خۆی سڕییەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەشێوەیەكی بەربڵاو تویتەكەی لەلایەن بەكارهێنەرانی ئێرانییەوە لە تویتەرو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە دەستاودەستی پێكراو رەخنەی زۆری لێگیرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×