"توندڕەوی توركیا"و "چەكی ئێران"؛ كێشەكانی بەردەم براوەی هەڵبژاردنەكەی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
  2020-11-06       721       

بەپێی رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی، براوەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا، جۆ بایدن بێت یاخود دۆناڵد ترەمپ، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روبەڕوی پێنج كێشە دەبێتەوە كە سەرەكیترینیان "توندڕەوی توركی" و "چەكی ئێرانی"و گروپەكانی سەر بەو دو وڵاتەیە لە ناوچەكەدا.

ئاوێنە: رۆژنامەی جۆرسەلیم پۆست-ی ئیسرائیلی، لە راپۆرتێكی شیكاریدا، پێنج كێشەی ناوبردون كە روبەڕوی براوەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا دەبنەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە یەكەم كێشەشدا باسی لە "سیاسەتی فراوانخوازی رەجەب تەیب ئەردۆغان" كردوە.

رۆژنامەكە نوسیویەتی، ئەنكەرە قەیرانی لەگەڵ یۆنان دروست كردوە، بۆردومانی عێراقی كردوە، هەڕەشەی لە ئەرمینیاو ئیسرائیل و میسر و ئیمارات كردوەو هێرشی سەربازی كردۆتە سەر هێزە پشتیوانەكانی ئەمریكا لە سوریاو ئەوروپای نیگەران كردوە لە پەیوەست بە پرسی پەنابەران.

جۆرسەلیم پۆست، نوسیویەتی، توركیا سەقامگیری ناوچەكەی خستۆتە مەترسییەوە بەتایبەت لەڕێگەی پشتیوانیكردنی توندڕەوان و هاندانیان دژبە ئەوروپا، ئەوەش وێڕای كڕینی سیستمی بەرگری ئێس400ی روسی.

رۆژنامە ئیسرائیلییەكە وتویەتی"دەبێت سەرۆكی داهاتوی توركیا روبەڕوی خواستەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی رۆژهەڵاتی دەریاری ناوەڕاست ببێتەوە."

جۆرسەلیم پۆست، "چەكی ئێرانی" بە دوەم كێشە ناوبردوە كە روبەڕوی سەرۆكی داهاتوی ئەمریكا دەبێتەوە لەناوچەكە، كە بەپیی قسەی ئەو رۆژنامەیە ئێران بەردەوامە لە پەرەپێدانی موشەكی بالیستی گەورەو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی زیاترو درێژەش بە كردنە ئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەدات لە عێراق، ئەوەش وێڕای ئەشكەنجەدانی كورد و دەستدرێژی بۆ سەر كەشتییەكان و هەڕەشە لە هەریەكە لە سعودیەو ئیسرائیل.

هەروەها ئاماژەی بەوەداوە كە سەرۆكی ئەمریكا پێویستە روبەڕوی ئێران ببێتەوەو رێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ راگرتنی هەژموی میلیشیاكانی ئەو وڵاتە لە عیراق و سوریاو یەمەن و لوبنان.

سەبارەت بە دۆخی عێراق و سوریاش كە رۆژنامەكە پێی وایە ئەمریكا لەو دو وڵاتە روبەڕوی چەندین هەڕەشەو گوشار دەبێتەوەو بە گرنگی زانیوە واشنتۆن پێگەی خۆی لە هەولێر بەهێز بكات و بنكە سەربازییەكانی بە بەرگریی موشەكی گونجاو پڕچەك بكات بەتایبەت لە ناوچە كوردییەكان.

بەپێی راپۆرتە شیكارییەكەی رۆژنامەكە رێككەوتنەكانی ئاشتی سەبارەت بە كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل كە لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە ئەنجامدراون بەدڵی سەركردایەتی فەلەستین نین و ئەوەشی بە كێشەیەكی دیكەی بەردەم سەرۆكی داهاتوی ئەمریكا زانیوە.

هەروەها دۆخی لیبیاو ئەفغانستانیشی بە كێشەی پێنجەم ناوبردوە كە بە قسەی رۆژنامەكە هەردو وڵات هێشتا لەژێر هەڕەشەی توندڕەوەكاندان.



 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×