لە ویلایەتی جۆرجیا بایدن پێش ترەمپ كەوت
  2020-11-06       668       

جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراتەكان، ئەمڕۆ هەینی، لە ویلایەتی جۆرجیا، پێش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاو كاندیدی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەدا كەوت و ژماردنی دەنگەكانیش لەو ویلایەتە بەردەوامە.

ئاوێنە: بەگوێرەی هەردو تۆڕی "سی ئێن ئێن" و "فۆكس نیوز"، بایدن بە 917 دەنگ لە ویلایەتی جۆرجیا پێش ترەمپ كەوتوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە ساڵی 2016 ترەمپ بە جیاوازی لەسەدا پێنج ئەو ویلایەتەی ئەمریكای بردۆتەوە.

بەگوێرەی ئەنجامەكان تاوەكو ئێستا بایدن 253 یان 264 كورسی بەدەستهێناوە ئەوەش بەهۆی بونی گومان لەبارەی ئەنجامەكانی ویلایەتی ئەریزۆناوە كە ژمارەی كورسییەكانی 11 كورسین.

لەبەرامبەردا ترەمپ تاوەكو ئێستا 214 كورسی بەدەستهێناوەو وەك زانراویشە بۆ گەیشتن بە كۆشكی سپی 270 كورسی پێویستە.

هێشتا هەر پێنج ویلایەتی: ئەریزۆنا(11 كورسی)، جۆرجیا(16 كورسی)، نیڤادا(6 كورسی)، كارۆلینای باكور(15 كورسی)، پەنسلڤانیا(20 كورسی)، بەتەواوەتی بۆ هیچ كاندیدێك یەكلایی

نەبونەتەوەو ژماردنی دەنگەكانیش لەو پێنج ویلایەتە بەردەوامە.

لە ویلایەتەكانی ئەریزۆنا، جۆرجیا، نیڤادا، بایدن لە پێشەو لە كارۆلینای باكور و پەنسلڤانیاش ترەمپ لە پێشە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×