بایدن دەڵێت: ئێمە دەستبەكاربوین
  2020-11-07       661       

جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراتەكان رایگەیاند، ئێمە لە هەڵبژاردنەكەدا بە زۆرینەیەكی رون سەردەكەوین. ئەوەشی خستەڕو كە هەر لە ئێستاوە دەست بەكاربوەو چاوەڕێی ئەوە ناكات بەڕەسمی سەركەوتنی رابگەیەنرێت.

ئاوێنە: قسەكانی بایدن، دوای ئەوە هاتن كە لەهەردو ویلایەتی یەكلاكەرەوەی جۆرجیاو پێنسلڤانیاش پێش دۆناڵد ترەمپ كەوت. 

بایدن شەوی رابردو لە وتەیەكدا بۆ لایەندارانی رایگەیاند، پێشتر لە پێنسلڤانیا لەدواوە بوین بەڵام ئێستا لەپێشەوەین و ئەو ویلایەتە دەبەینەوە، ئێمە ئێستا لە ئەریزۆناو نیڤادا لە پێشەوەین.

وتیشی"سەیری ژمارەكان بكەن، ئێمە بە زۆرینەیەكی رون ئەم كێبڕكێیە دەبەینەوە."

ئەوەشی خستەڕو"لە ئەریزۆنا سەركەوتنێك بەدەست دەهێنین كە ماوەی 24 ساڵە بەدەستمان نەهێناوە."

جۆ بایدن جەختی كردەوە كە چاوەڕێ ناكات سەركەوتنی بەشێوەیەكی رەسمی رابگەیەنرێت ئینجا دەستبەكاربێت، بەڵكو لە ئێستاوە دەستبەكاربوەو لەگەڵ كامالا هاریس-ی جێگری رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ چەند شارەزایەك كۆبونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی قەیرانی دارایی.

بایدن بۆ لایەنگرانی دڵنیایی دا كە دەنگەكانیان هەژماردەكرێن وێڕای هەوڵی هەندێك كەس بۆ راگرتنیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×