جۆ بایدن: نوێنەرایەتیی هەموو چین و توێژ و لایەن و بۆچونە جیاوازەکان دەکەم
  2020-11-08       408       
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو ویلایە شین و سورەکان نابینێت، بەڵکو ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبینێت و نوێنەرایەتیی هەموو چین و توێژ و لایەن و بۆچوونە جیاوازەکان دەکەن، جەختیش دەکاتەوە لەوەی گرنترین ئەرکی پاراستنی ژیانی خەڵک و کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا دەبێت.

ئاوێنە: جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا درەنگانێکی شەوی رابردو بەکاتی هەرێمی کوردستان وتارێکی لە ویلایەتی دێلاوێر پێشکەشکرد و رایگەیاند، پۆستی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی چینی مامناوەندی هاوڵاتیانی ئەمریکی بەکاردەهێنێت و قەرزاری هەموو ئەو کەسانەیە کە پشتگیرییان کردوە و دەنگیان پێداوە.

لەبارەی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن و کارنامەی داهاتوشی ئەوەشی خستەڕو، "ئێمە نوێنەرایەتیی هەموو چین و توێژەکان دەکەین و وادەکەین جارێکی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا رێز لە ئەمریکا بگیردرێتەوە."

ئەوەشی خستوەتەڕو، ئێستا لە ئەمریکادا کاتی ئاشتبوونەوەیە چونکە "ئێمە هەموومان ئەمریکیین و کەس دوژمنی کەس نییە"، هەروەها دەبێت پەرە بە دیموکراسیەت بدرێت و کارلەسەر کەمکردنەوەی جیاوازییەکان بکرێت.

جۆ بایدن یەکەم کارنامەی خۆی لە هەڵبژاردندا خستەڕو و رایگەیاند، کاری سەرەکی ئەوەیە ژیانی خەڵک بپارێزن و کۆرۆنا کۆنتڕۆڵ بکەن، لەو پێناوەشدا هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ "لەدەستدانی کوڕەکەم وای لێکردوم هەست بە خەمی ئەو کەسانە بکەم کە بەهۆی کۆرۆناوە کەسوکاریان لەدەستدا."

ئێواره‌ی 7ـی تشرینی دووەم جۆ بایدن كاندیدی دیموكراته‌كان و ركابه‌ری دۆناڵد تره‌مپ كاندیدی كۆمارییه‌كان به‌براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2020-ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا دیاریكرا و بوه‌ 46 هه‌مین سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×