بایدن: ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران
  2020-11-08       840       
بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە بەرژەوەندیی جۆ بایدن، بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوویەوە، ئەوەش پەیوەندی بەو بەڵێنانەی بایدنەوە هەبوو کە لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا وتبووی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە ناو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران.

ئاوێنه‌: بایدنی لە ماوەی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا کۆمەڵێک بەڵێنیدا، کە یەکێکیان گەڕاندنەوەی ئەمریکایە بۆ ناو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران، کە ساڵی ٢٠١٨ ترامپ تاک لایەنانە لێی هاتە دەرەوە و گەمارۆکانی بۆسەر تاران لەناوخۆ و دەرەوە توندکردەوە.

بایدن ڕایگەیاندووە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیدا ئەو بڕیارەی ترامپ هەڵدەوەشێنێتەوە بە دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و دەچێتەوە ناو بازنەی کارکردنی لەگەڵ ڕێکخراوەکە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنیداوە بە زوویی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕێککەوتننامەی کەشوهەوای پاریس کە یەکێک لە دەستکەوتەکانی سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما بوو.

هەروەها بڕیاریداوە ئەمریکا بگەڕێنێتەوە بۆ ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە کە لەسەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا بەردی بناغەی دانرا و لە سەردەمی ترامپدا لە ساڵی ٢٠١٨ لەباربراو پاشەکشێی پێکرا.

بایدن دەڵێت، یەکەم ڕۆژ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەنجام دەدات ئەوەش بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی ئەمەریکا لە دەرەوەی وڵات دوای ئەو بانگەشەیەی کە ماوەی چوار ساڵ ترامپ هەموو جارێک دەیوت “سەرەتا ئەمریکا”.

بایدن بەڵێنی ئەوەشیداوە کە پەیماننامەی “کۆنترۆڵی چەکی ئەتۆمی” لەنێوان ئەمریکا و ڕوسیا درێژ بکاتەوە و پێدەچێت مۆسکۆ لە نیەتەکەی ئاگادار بکاتەوە.

هەروەها دوی ١٦ ڕۆژ لە دەستبەکاربوونی، پەیماننامەی “نیو ستارت” لادەبات کە کۆت و بەند لەسەر بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆم و مووشەکی دوور هاوێژ هەڵدەگرێت، کە لەوانەیە ببێتە هۆی پێشبڕکێی نوێی چەکی ئەمریکی.

لەبارەی سیاسەتی گومرگیشەوە بڕیاریداوە پێش پێداچوونەوە بە پەیوەندییە ئابووریەکانی لەگەڵ چین، ڕاوێژ بە بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی بکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×