دارایی پەرلەمانی عێراق باس لە ئەگەری دابەشكردنی دو موچە پێكەوە دەكات
  2020-11-08       651       

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەكات بڕی ئەو قەرزەی لە یاسای قەرزكردندا هاتوە بۆ 15 ترلیۆن دینار كەمبكرێتەوەو لەكۆتایی ئەم هەفتەیەشدا دەنگ لەسەر یاساكە بدرێت. دەشڵێت: ئەگەری ئەوە هەیە لەدوای پەسەندكردنی یاساكە حكومەت موچەی هەردو مانگی تشرینی یەكەم(10) و تشرینی دوەم(11) پێكەوە دابەش بكات و هەروەها ئاشكراشیدەكات كە ناردنی 320 ملیار دینارەكەی هەرێم تا پەسەندكردنی بودجە بەردەوام دەبێت.

ئاوێنە: ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ئاژانسی هەواڵی رەسمی عێراقی راگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا یاسای قەرزكردن پەسەندبكرێت ئەوەش دوای ئەوەی خوێندنەوەی دوەم بۆ یاساكە كراوە.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە پێشبینی دەكرێت ئەو بڕی قەرزەی لە یاساكەدا هاتوە كەمبكرێتەوە بۆ دابینكردنی پێداویستییە ناچارییەكانی وەك موچەو دەرمان و پسوڵەی خۆراك و شایستە داراییەكانی جوتیاران.

ئاماژەی بەوەشداوە كە بەو پێیە پێشبینی دەكرێت ئەو بڕی قەرزەی دەنگی لەسەر دەدرێت لەنێوان 10 بۆ 15 ترلیۆن دیناردا بێت كە ئەوەش كورتهێنانی سێ مانگ پڕدەكاتەوە كە خۆی دەدات لە سێ ترلیۆن و 500 ملیار دینار.

ئەحمەد سەفار هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەگەری هەیە راستەوخۆ دوای پەسەندكردنی یاساكە، حكومەت موچەی هەردو مانگی تشرینی یەكەم و تشرینی دوەمی فەرمانبەران پێكەوە دابەش بكات.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختیشی كردۆتەوە كە لەدوای پەسەندكردنی یاسای قەرزكردن ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانەی هەرێم بەردەوام دەبێت تاوەكو یاسای بودجە دەردەچێت كە رێككەوتنی نێوان بەغداو هەولێر لەبارەی سایشتە داراییەكان لەخۆدەگرێت.

ئاشكراشیكردوە كە بەپێی رێككەوتنی نێوان بەغداو هەولێر كە لە بودجەی 2021دا هاتوە، هەرێمی كوردستان 250 بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەكان رادەستی بەغدا دەكات و لەبەرامبەردا پشكی هەرێمی كوردستانیش بە لەسەدا 12.6 دیاریكراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×