كازمی: پێویستە دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان دابخرێن و لێرسینەوە لە گەندڵکارەکان بکرێت
  2020-11-09       415       

سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، پێویستە دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان دابخرێن و جەختیشی لە پێویستی لێرسینەوە لە کارمەندە گەندڵکارەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان ده‌كاته‌وه‌.

ئاوێنه‌: راگەیاندنی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، عومەر وائیلی کۆبووەتەوە و سەبارەت بە ژمارەیەک پرسی تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان گفتوگۆیان کردووە.

بەپێی راگەیەنراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی جەختیکردووەتەوە لە پێویستی داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان کردووەتەوە و راشیکەیاندووە کە پێویستە لە دەروازە سنوورییەکاندا، تاقیگە دابنرێت بۆ پشکنینی کاڵا ھاوردەکراوەکان کە لەژێر دەسەڵاتی دەزگای ناوەندی پێوانەسازیی و کۆنترۆڵی جۆریدا بێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوەشکردووە کە گرنگە ھەماھەنگیی ھاوبەش لەنێوان فەرمانگەکان لە دەروازە سنوورییەکاندا ھەبێت بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی باشی ھەبێت بۆ بەدەستھێنانی داھات، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە بوودجەی فیدراڵی و نەھێشتنی قاچاخچێتی و ساختەکاری و بەھەدەردانی دارایی گشتیی.

ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە کە گرنگە لێپرسینەوە لەگەڵ کارمەندە گەندەڵکاران بکرێت و رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەریان بگیرێتەبەر.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، عومەر وائیلی ئاماژەی بەوەداوە، ئەو رێوشوێنە ئەمنیانەی کە لە دەروازە سنوورییەکاندا گیراونەتەبەر، رەنگدانەوەی باشی ھەبووە لەسەر سەپاندنی شکۆی دەوڵەت لە دەروازە سنووریییەکاندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×