ڤاكسینێكی كۆرۆنا راگەیەندرا كە لەسەدا 90 سەركەوتوە
  2020-11-09       611       

هەردو كۆمپانیای "فایزەر" و "بایۆنتێك"، ئەمڕۆ دوشەممە، رایانگەیاند، ئەو ڤاكسینەی كە كاری لەسەردەكەن، لەسەدا 90 كاریگەری سەلمێنراوە ئەوەش لەسەر بنەمای پشكنینە سەرەتاییەكانی ئەنجامی قۆناغی سێیەمی تاقیكرنەوەكان.  

ئاوێنە: هەردو كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند، ڤاكسینەكەیان لەسەر 43 هەزارو 500 كەس لە شەش وڵات تاقیكردۆتەوەو لەسەدا 90 كاریگەری هەبوە.

هەروەها هێمایان بۆ ئەوە كردوە كە دەركەوتوە ڤاكسینەكە هیچ كاریگەرییەكی لاوەكی مەترسیداری لەسەر ئەو كەسانە نەبوە وەریان گرتوە.

ئاماژەیان بەوەشداوە كە بەزویی داوایەك پێشكەش دەكەن بۆ ئەوەی مۆڵەت بدرێت بە بەكارهێنانی ڤاكیسینەكە لەكۆتایی ئەم مانگەدا.

هەروەها راگەیاندنی سەركەوتنی دەرمانەكەشیان بە "رۆژێكی مەزن بۆ زانست و مرۆڤایەتی" ناوبردوە.

كۆمپانیای ڤایزەر ئەمریكییەو بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای بایۆنتێك كاریان لەسەر پەرەپێدانی ڤاكسینەكە كردوە كە كۆمپانیایەكی ئەڵمانییە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×