"لایەنە شیعەکان دژی ته‌رخانكردنی‌ 320 ملیار دیناره‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن لەیاسای قەرزدا"
  2020-11-10       816       
کۆبونەوەی لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی‌ عێراق
کۆبونەوەی لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی‌ عێراق لەباره‌ی‌ تێپەڕاندنی‌ یاسای قه‌رز بۆ سبه‌ی‌ دواخرا، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ لایەنە شیعەکان بەتێکڕا دژی ئەو بڕگەیەن لەیاسای قەرز کە باس لەوە دەکات، تا کۆتایی ئەمساڵ مانگانە عێراق 320 ملیار بۆ ھەرێم بنێرێت.

ئاوێنه‌: هۆشیار عەبدوڵا، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه‌، کۆبونەوەی لیژنەی دارایی لەسەر تێپەربونی یاسای یاسای قه‌رز (تمویل العجز المالی)، لەسەر پشکی هەرێم، مادەی پێنج برگەی دو، ناکۆکیەکی توند دروستبوە. زۆرێک لەکوتلەکان لەبەر ئەوەی هەرێم لەرابردودا هیچ ئیتیزامێکی نەکردە ئامادە نین ئەو فەقەرەیە بمێنێتەوە.

ناوبراو ده‌ڵێت، "داکۆکیمان لەمانەوەی برگەکە کرد. دوای گفتوگۆیەکی فراوان لەنێوانماندا کۆبونەوەکە راگیراوەو دەیانەوێت برگەکە هەمواربکەن. هەموارێکیان هێنا کە ئێمە سەرنجمان لەبارەیەوە هەبو داوامانکرد کۆبونەوەکە بخرێتە سبەی رۆژی چوارشەممە."

هۆشیار عەبدوڵا راشیگه‌یاندووه‌، "مەسەلەی  پابەندبون یان نەبونی هەرێم لەنێوان هەردو حکومەتی بەغداو هەولێر دایەو ئەرکی ئێمە یاسادانانە دەبێ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەو ناکۆکیە بەدور بگرین."

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی‌ نوسیوه‌، ئەگەر حکومەتی هەرێم لەبواری داهاتی نەوت یان داهاتەکانی تر ئیلتیزامی بکردایە، ئەوا پشکی زیاتری لە 320 ملیاری مانگانە پێدەگەیشت، "ئێمەش ئاوا ئیحراج نەدەبوین."

دوای کۆبونەوەی دوێنێ دوشه‌ممه‌ی‌ نێوان مستەفا کازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا، بڕیاردرا رۆژی پێنجشەممە په‌رله‌مان دەنگ لەسەر یاسای قەرز بدات بەدوو مەرج، کە بریتین لەیه‌كه‌م: لەئه‌مرۆوە دەستبەدابەشکردنی موچەی فەرمانبەران بکریت بەو داھاتەی لەبەردەستەدایە، دووه‌م:  لەماوەی کەمتر لە 20 رۆژ واتا تاوەکو کۆتای ئەم مانگە موچەیەکی دیکەش دابەشبکرێت تا دۆخەکە راستبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×