دورخستنەوەی ئێسپەر بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک بەرپرسی باڵا
  2020-11-11       623       
دوای دوورخستنەوەی مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پۆستەکەی، هەریەک لە راوێژکاری سیاسەتە ئەمنییەکان، راوێژکاری هەواڵگری بەرگریی و بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیران دەستیان لە کار کێشایەوە.

ئاوێنه‌: دوای ئەوەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، مارک ئێسپەر لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو وڵاتەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، راوێژکاری سیاسەتە ئەمنییەکان، راوێژکاری هەواڵگری بەرگریی و بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیران دەستیان لە کار کێشایەوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن پنتاگۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە لەگەڵ دوورخستنەوەی مارک ئێسپەر لە پۆستەکەی راوێژکاری سیاسەتە ئەمنییەکان، جێمس ئەندرسۆن دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کردووە و ئەنتۆنی تاتا خراوەتە شوێنەکەی.

پێشتر ئەنتۆنی تاتا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ-ەوە بۆ هەمان ئەرک کاندید کرابوو، بەڵام بەهۆی ”بڵاوکراوەکانی دژبەئیسلام” و ناوزەندکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما بە ”تیرۆریست” لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە رەت کرابووەوە.

لەبەرئەوەی ئەنتۆنی تاتا ئەو پۆستە بە وەکالەت بەڕێوەدەبات پێویست بە رەزامەندی ئەنجوومەنی پیران ناکات بۆ دەستبەکاربوونی.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەی پنتاگۆندا باس لەوە کراوە کە هەریەک لە راوێژکاری ئاسایش و هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی، جۆزێف کیرنان و بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزارەتی بەرگریی، جین ستیوارت دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە بریکاری راوێژکاری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، ئیزرا کۆهن-واتنیک لەبری جۆزێف کینان دانراوە و یەکێک لە کارمەندانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، کاش پاتیل لە شوێنی جین ستیوارت دانراوە.

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو کە سەرۆکی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نیشتمانیی، کریستۆفەر میلەر-ی لە شوێنی مارک ئێسپەر داناوە.

لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زیاتر لە بەرپرسانی پنتاگۆن لە کارەکانیان دووربخرێنەوە، بانگەشەی ئەوەیش دەکرێت کە دۆناڵد ترەمپ بەڕێوەبەرانی سی ئای ئەی و ئێف بی ئای لە پۆستەکانیان دوور دەخاتەوە.

بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، گینا هاسپێڵ دوێنێ لەگەڵ سەرکردەی پارتی کۆماری لە ئەنجوومەنی پیران، میچ مەکۆنێل کۆبووەوە.

بانگەشەی ئەوەیش دەکرێت کە گۆڕینی هەموو ئەو پۆستانە رەنگە پەیوەندی بەو قۆناغە یاساییەوە هەبێت کە دۆناڵد ترەمپ لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×