به‌گوێره‌ی یاسای قه‌رز ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم رۆژانە 480 هەزار بەرمیل نه‌وت راده‌ستی سۆمۆ بكات
  2020-11-12       727       
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی پەسندکرد، پشکی هەرێمی کوردستان لە نێو یاساکە دیارینەکراوە، بەڵام بڕی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە پرۆژە یاساکە بە 250 هەزار بەرمیل دانرابوو، زیادکراوە.
  
ئاوێنه‌: دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، دوای کاژێر 12ی شەوی رابردوو دەستیپێکرد و تاوەکو كاتژمێر پێنج و ٤٠ خوله‌كی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، محەممەد حەلبووسی لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکەی دەنگدان لەسەر یاساکە رایگەیاند: "یاساکە بە تەوافوق یان بە زۆرینە تێدەپەڕێنرێت.
 
دوای دەنگدان لەسەر پێنج ماددەی یەکەمی یاساکە (ماددەی یەکەم تاوەکو شەشەم، جگە لە ماددەی پێنجەم کە سڕایەوە)، مشتومڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان ژمارەیەک نوێنەری کورد و نوێنەرانی شیعە دروست بوو، فراکسیۆنە کوردستانییەکان دانیشتنەکەیان بایکۆتکرد، دەنگدان لەسەر ماددەکانی دانیشتنەکە بەڕێوەچوو و یاساکە پەسندکرا، پێشبینیش دەکرێت دوای پەسندکردنی یاساکە راستەوخۆ حکومەتی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.
  
بەپێی دەقی یاساکە "بڕی ئەو قەرزەی رێگەدراوە وەزیری دارایی عێراق لە نێوخۆوە و دەرەوە بیکات، لە 41 تریلیۆن دینارەوە بۆ 12 تریلیۆن کەمکراوەتەوە، بەو مەرجەی ٪20ـی ئەو پارەیە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بێت."
 
یاساکە هەروەها ژمارەیەکی هەمواری لیژنەی داراییشی تێدایە، لەوانە خەمڵاندنی بڕی داهاتی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ بە 10 تریلیۆن و 500 ملیار دینار، لیژنەی دارایی هەروەها کۆی گشتی خەرجییە پێویستەکان لەو چوار مانگەدا بە 22 تریلیۆن و 500 ملیار دینار دەخەمڵێنێت، بڕی داهاتی خەمڵێنراوی نانەوتیش لەو چوار مانگەدا بە 2 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە .

لە ماددەی یەکەمی یاساکەدا هاتووە: بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ چوار مانگی کۆتایی ساڵی 2020 بە 19 تریلیۆن و 719 ملیار و 483 ملیۆن و 139 هەزار دینار دەخەمڵێنرێت، لەسەر بنەمای هەناردەی بەرمیلێک نەوتی خاو بە نرخی 40.51 سەنت، تێکڕا هەناردەش 3 ملیۆن و 33 هەزار و 273 بەرمیل بێت. لەگەڵ 250 هەزار بەرمیل لە نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان، لایەنە شیعەکان بەتەواوی ناڕازی بوون و داوایاندەکرد ئەو مادەیە هەموار بکرێتەوە، بەشێوەیەک دەبێت هەرێمی کوردستان پابەندبکرێت بەوەی نابێت رۆژانە کەمتر بێت لە 480 هەزار بەرمیل.

لە خاڵی سێیەمی ماددەی یەکەمی یاساکەدا باس لە پوختەی داهات کراوە دوای لێبڕینی پارەی قەرەبووی کوێت و حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان، بڕەکەی بە 14 تریلیۆن و 181 ملیار و 616 ملیۆن و 552 هەزار دیاریکراوە، بەڵام هەمواری لیژنەی دارایی دەڵێ: "پوختەی داهات لە سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە 10 تریلیۆن و 500 ملیار دینار، بە داهاتی نەوتی و نانەوتیەوە ."
 
بەپێی یاساکە و لە ماددەی دووەمدا :"کۆی گشتی خەرجییەکان لە ماوەی ئەو چەند مانگەی لە 2020 ماوە دەگاتە 57 تریلیۆن و 811 ملیار و 453 ملیۆن و 639 هەزار". بەڵام لیژنەی دارایی دەڵێت: "خەرجییە پێویستییەکان بۆ سێ مانگی کۆتایی 2020 دەگاتە 22 تریلیۆن و 500 ملیار دینار ."
 
 بەپێی یاساکە کورتهێنانی پارەدارکردن گەیشتووەتە 41 تریلیۆن و 629 ملیار و 983 ملیۆن دینار، بەڵام پێشنیازی لیژنەی دارایی لە یاساکە باس لە کورتهێنان دەکات بە بڕی 12 تریلیۆن دینار، دەسەڵات دەدرێتە وەزیری داراییش بۆ قەرزکردن لە نێوخۆ و دەرەوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان.
  
هەرچەندە فراکسیۆنە کوردییەکان هەوڵی زۆریان دا کە رێژەی یاسایی دانیشتنەکە تەواو نەکەن، بەڵام لەمەدا سەرکەوتوو نەبوون. دواتر بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

 
 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×