وەزارەتی دارایی عێراق: لە یەكشەممەی داهاتوەوە دەست بە دابەشكردنی موچە دەكرێت
  2020-11-12       412       

وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، لە رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوەوە دەستدەكەن بە دابەشكردنی موچەی مانگی تشرینی یەكەم(10)ی رابردو، ئەوەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یاسای قەرزكردنی پەسەندكرد.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی عێراق، كەمێك لەمەوبەر، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ فەرمانگەو بانكەكانی سەر بە وەزارەتەكەیان ئاگاداركردونەتەوە كە لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوەوە دەستبكرێت بە دابەشكردنی موچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەران.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە وەزیری دارایی هەردو فەرمانگەی ژمێریایی و بودجەی ئاگاداركردونەتەوە بۆ ئەوەی دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی تشرینی یەكەم بكەن و هەروەها داواشی لە بانكەكان كردوە دەست بەكارەكانیان بكەنەوە بۆ دابینكردنی سیولەی پێویست لە پارێزگاكان بەمەبەستی دابەشكردنی موچە.

بڕیاری دابەشكردنی موچەی مانگی رابردو لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دوای ئەوە دێت كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق یاسای قەرزكردنی پەسەندكرد. 

پەسەندكردنی یاسای قەرز لەپەرلەمانی عێراق لەكاتێكدابو كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان ناڕازی بون لە تێپەڕاندنی یاساكە كە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم بەنددەكات بە رادەستكردنی بەشێك لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی هەرێم بە بەغدا. 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×