ئێران هەواڵی كوژرانی كەسی دوەمی قاعیدە لە تاران رەتدەكاتەوە
  2020-11-14       536       

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناوەڕۆكی راپۆرتێكی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی رەتدەكاتەوە كە دەڵێت: لە مانگی ئابی ئەمساڵدا چەند سیخوڕێكی ئیسرائیلی ئەبو محەمەد میسری، كەسی دوەمی رێكخراوی قاعیدەیان لە تاران كوشتوە.

ئاوێنە: رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لەزاری چەند بەرپرسێكی هەواڵگری وڵاتەكەیەوە بڵاوكردبوەوە كە ئەبو محەمەد میسری، دوەم كەسی رێكخراوی قاعیدە، لە مانگی ئابی ئەمساڵ، لەلایەن دو سیخوڕی ئیسرائیلییەوە بە سواری ماتۆڕسكیلێكەوە لە تاران تەقەی لێكراوەو كوژراوە ئەوەش لەسەر داوای ئەمریكا.

ئەمریكا ئەبو محەمەد میسر تاوانباركردبو بەوەی كە بەشداربوە لە پلانی تەقینەوەكانی هەردو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەنزانیاو كینیا لە ساڵی 1998.

بەڵام ئەمڕۆ شەممە، سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە بەیاننامەیەكدا ناوەڕۆكی ئەو هەواڵەی رۆژنامە ئەمریكییەی رەتكردەوەو رایگەیاند، بە توندی بونی هەر ئەندامێكی رێكخراوی قاعیدە لەنێو خاكی ئێران رەتدەكەینەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندوە كە ئەو جۆرە تۆمەتباركردنانە لەچوارچێوەی ئەو شەڕە ئابوری و هەواڵگری و سایكۆلۆژییەدان كە دژی ئێران بەڕێوەدەچێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×