ترەمپ: دان بە هیچ شتێكدا نانێم، هەڵبژاردنێكی ساختە بو
  2020-11-15       578       

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، جۆ بایدن، هەڵبژاردنەكەی بردەوە چونكە ساختەكاری تێدا كرا. میدیاكانی جیهانیش ئەوەیان بە یەكەم دانپێدانانی ترەمپ بە بردنەوەی كاندیدە دیموكراتەكەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكادا ناوبرد،  بەڵام دوای ئەوە ترەمپ دەڵێت: "دان بە هیچ شتێكدا نانێم...ئێمە دەیبەینەوە."

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستای ئەمریكا پێشتر لە تویتێكدا سەبارەت بە راپۆرتێكی كەناڵی فۆكس نیوز، رایگەیاندبو "ئەو(بایدن) بردیەوە چونكە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەدا كرا."

تویتەكەی ترەمپ لەلایەن میدیا جیهانییەكانەوە وەك یەكەم دانپێدانانی ترەمپ بە بردنەوەی جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراتەكاندا، لێكدانەوەی بۆ كرا.

ئۆپێرای ئەلیگرێتی، نوسەری سیاسی لە تۆڕی سكای نیوزی بەریتانی سەبارەت بە تویتەكەی ترەمپ، وتبوی"تویتەكە دانپێدانانێكی گرنگی ترەمپە. وێڕای ئەوەی رەتیكردۆتەوە كە رێگە تەقلیدییەكانی پەسەندكردنی ئەنجامەكان بگرێتەبەر."

لای خۆیشییەوە ئاژانسی رۆیتەرز، رایگەیاندبو كە ئەمە یەكەمجارە ترەمپ دان بە بردنەوەی بایدن-دا دەنێت.

بەڵام لەدوای كەمتر لە نیو سەعات لەو تویتەی، ترەمپ لە تویتێكی دیكەدا ئەو لێكدانەوانەی راگەیاندنەكانی پێچەوانە كردەوەو نوسی"هەڵبژاردنێكی ساختە كراوە. ئێمە دەیبەینەوە."

بەدوایدا لە تویتێكی تردا، جەختی كردەوە "ئەو(بایدن) تەنها لە چاوی دەزگا راگەیاندنە ساختەكانەوە براوەیە. من دان بە هیچ شتێكدا نانێم! رێگەیەكی درێژمان لەبەردەمدایە. ئەوەی كرا هەڵبژاردنێكی ساختە بو."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×