شێخ عەبدولعەزیز بن عەبدوڵڵا ئال شێخ موفتی گشتیی سعوودیە و سەرۆکی دەستەی گەورەزانایانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراوی ئیخوامن موسلیمین کۆمەڵەیەکی گومڕان و هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاینی ئیسلامەوە نییە.
ئاوێنه: لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردۆتەوە موفتی سعودییە دەڵێت "ئەو کۆمەڵە گومرایە خوێنیان حهلاڵ کرد و دەستیان بۆ ماڵ و نامووسی خەڵکیان برد و گەندەڵیان بڵاوکردەوە".
ئال شێخ لەوەڵامی پرسارێک سەبارەت بەو گرووپە تیرۆریستیانەی ناوی ئیسلامیان لەخۆیان ناوە، لەسەروویانەوە کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین و داعش و بەرەی نووسرە جەختی کردەوە کە هەموو ئەو گرووپانە هەموویان گومران و ئیسلامیان بۆ مەرامەکانی خۆیان بەکارهێناوە.
رۆژی سێشەممەی رابردووش دەستەی گەورە زانایانی سعوودییە لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین گرووپێکی تیرۆریستین و بەرنامەی ئیسلام بەرجەستە ناکەن، بەڵکو ئامانجەکانیان حیزبییە و دژ بە ئاینی پیرۆزی ئیسلامن، جەختیشی کردۆتەوە کە ئەو کۆمەڵەیە فیتنە و دووبەرەکی و توندوتیژی و ترس و تیرۆر بڵاودەکەنەوە، دەستەکە هۆشداریشیداوە لەوەی نابێت کەس لێیان نزیک ببێتەوە و هاوسۆز بێت لەگەڵیاندا.