باڵیۆزخانەی ئەمریكا بەتوندی ئیدانەی ھێرشە موشەكییەكەی شەوی رابردوی بەغدا دەكات
  2020-11-18       516       

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە لەبەغدا، بەتوندی ئیدانەی هێرشە موشەكییەكەی شەوی رابردو بۆ سەر ناوچەی سەوزی شارەكە دەكات و دەڵێت: ئەو میلیشیایانەی كە لەلایەن فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە پشتیوانی دەكرێن، بەردەوامن لە تێكدانی سەقامگیری عێراق.

ئاوێنە: باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، حكومەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەتوندی ئیدانەی هێرشە موشەكییەكەی شەوی رابردو بۆ سەر ناوچەی سەوز دەكات كە بوە هۆی كوژرانی منداڵێكی عێراقی و دو هاوڵاتی دیكەی مەدەنی.

باڵیۆزخانەكە ئاماژەی بەوەداوە كە "راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە ئەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن دەستیان لە هێرشەكەدا هەبوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"میلیشیاكانی دەرچو لە یاسا كە لەلایەن فەیلەقی قودسی ئێرانییەوە پشتیوانی دەكرێن، بەردەوامن لەسەر تێكدانی سەقامگیری عێراق و كوشتنی هاوڵاتیانی بێتاوانی عێراق و هەڕەشە لە سەروەری عێراق."

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا وتویەتی: داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین ئەو كەسانە دەستگیربكەن و سزایان بدەن كە بەردەوامن لەسەر ئەنجامدانی كردەوەی توندوتیژ دژبە دەوڵەتی عێراق.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق شەوی رابردو لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبو، حەوت موشەكی جۆری كاتیۆشا لە ناوچەی سەوز كەوتونەتە خوارەوەو ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×