ئه‌مریكا سزای نوێی به‌سه‌ر رێكخراوێكی گه‌وره‌ی خێرخوازی ئیران و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای ئه‌و وڵاته‌دا سه‌پاند.
ئاوێنه: ستیڤین منوچێن وه‌زیری خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا سه‌پاندنی سزای به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی خێرخوازی (سته‌م لێكراوان)ی تایبه‌ت به عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری باڵای ئێران راگه‌یاند.
وه‌زیری خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا ناوی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی دامه‌زراوه‌كه‌شی ئاشكراكرد كه خراونه‌ته لیستی سزاكانه‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: دامه‌زراوه‌كه خاوه‌نی زیاتر له 160 لقه و پێگه‌یه‌كی ئابوری به‌هێزی هه‌یه.
ستیڤین منوچێن وتیشی: ڕێبه‌ری باڵای ئێران دامه‌زراوه‌كه‌ی له ژێر ناوی خێرخوازیدا به‌كارده‌هێنێت بۆ خه‌ڵاتكردنی داروده‌سته‌كه‌ی و ده‌ورووبه‌ره‌كانی.
ده‌شڵێت: ئه‌مریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له كردنه ئامانجی به‌رپرسانی سه‌ره‌كی و سه‌رچاوه داراییه‌كانیان كه ده‌رفه‌ت ده‌ڕه‌خسێنن بۆ حكومه‌تی ئێران بۆ سه‌ركوتكردنی زیاتری خه‌ڵكه‌كه‌ی.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا سزای خستووه‌ته‌سه‌ر مه‌حمود عه‌له‌وی وه‌زیری ئیتلاعاتی ئێران، به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بووه له پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤدا، له‌وانه سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران له ئێران له پایزی ساڵی ڕابردوودا.