ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەبارەی ئەگەری هێرشكردنە سەر ئێران هۆشداری دەدات
  2020-11-19       665       
رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداریدەدات لەبارەی ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران و هیواداریشە پەنانەبرێتە بەر هێرشی سەربازی.

ئاوێنە: رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی ئێن بی سی ئەمریكی رایگەیاند"هیوادارم هیچ كاتێك هێرشی سەربازی ئەنجام نەدرێت."

ئەو قسانەی رافائێل گرۆسی دوای ئەوە دێن كە رۆژی دوشەممە، رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لەزاری چوار بەرپرسی ئەمریكییەوە بڵاویكردبوەوە كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، هەفتەی رابردو لەبارەی بژاردەی هیرشی سەربازی بۆ سەر پێگە ئەتۆمییە سەرەكییەكانی ئێران، پرس و رای بە راوێژكارەكانی كردوە.

رافائێل گرۆسی لەبارەی پێشنیاری پلانی ئەمریكا بۆ هێرشێكی لەو جۆرە وتویەتی، ئەوە تەنیا گریمانەیەكە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئەوەشی خستۆتەڕو"هێرشی سەربازی زیانی دەبێت بۆ هەر پرۆسەیەكی پشكنین، جگە لە سەلامەتی پشكنەرەكان."

پێشتریش حسێن دەهقان، راوێژكاری سەربازی عەلی خامەنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاندبو، هەر پێكدادانێكی سنوردارو تاكتیكی لەنێوان ئێران و ئەمریكادا ئەگەری هەیە بگۆڕێت بۆ شەڕێكی تەواوەتی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×