خەزعەلی: هودنەی گروپە چەكدارەكان بۆ كردنە ئامانجی ئەمریكییەكان لەعێراق كۆتایی هات
  2020-11-19       1008       

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق، رایگەیاند، ئەو هودنەیەی لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە راگەیەندرابو و كردنە ئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكایان لە عێراق راگرتبو، كۆتایی هات.

ئاوێنە: شەوی سێشەممەی رابردو، ناوچەی سەوزو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بە چەك موشەكێك كرانە ئامانج، ئەوەش هاوكات بو لەگەڵ ئەوەی كە ئەمریكا رایگەیاندبو، بەشێك لە هێزەكانی لە عێراق دەكشێنێتەوە.

دوێنێ چوارشەممە باڵیۆزخانەی ئەمریكا بەتوندی ئیدانەی هێرشەكەی كردو داوای لە حكومەتی عێراق كرد ئەنجامدەرانی دەستگیربكرێن و سزابدرێن.

هێرشە موشەكییەكەی شەوی سێشەممە، دوای زیاتر لە مانگێك بو لەو هودنەیەی كە لەلایەن گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە بۆ راگرتنی هێرشەكەیانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق راگەیەندرابو بەمەرجی كشاندنەوەی سەرجەم هێزەكانی ئەمریكا لە وادەیەكی نزیكدا.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق، ئەمشەو پێنجشەممە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا جەختی كردەوە كە ئەو هودنەیەی لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە راگەیەندرابو، كۆتایی هات.

هەروەها رەتیكردەوە كە جنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق هیچ دەورێكی هەبوبێت لە راگەیاندنی ئەو هودنەیەداو ئاماژەی بەوەدا كە هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح رۆڵی سەرەكی هەبو لە بابەتی هودنەكەدا.

وتیشی"دو مەرجی هودنەكە هەبون كە تا ئێستا نەهاتونەتە دی، یەكەمیان ئەوەبو كە عێراق كۆنترۆڵی ئاسمانی خۆی بكات، دوەمیش وادەی كشاندنەوە(ی هێزەكانی ئەمریكا) دیاری بكرێت."

خەزعەلی لەگەڵ ئەوەش وتی"من هەر لە سەرەتای هێرشەكانەوە لەگەڵ بۆردومانكردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكادا نەبوم، چونكە شوێنەكە ناونیشانێكی دیپلۆماتی هەڵگرتوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×