سوپای ئەمریكا: عێراق دەیەوێت هێزەكانمان بمێننەوە
  2020-11-20       578       

جەنەراڵ كینیت ماكێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا ناسراو بە "سێنتكۆم"، رایگەیاند، دەستیان كردوە بە كەمكردنەوەی هێزەكانیان لە عێراق بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی وڵاتەكەیان، بەڵام بەغداد دەیەوێت هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە بمێننەوە. جەختیشی كردەوە، كە تا رادەیەكی زۆر بەریان لە ئێران گرتوە، چونكە تاران ئێستا دەزانێت ئەمریكا خاوەنی تواناو ئیرادەیە بۆ وەڵامدانەوەی.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بەم دواییانە رایگەیاندبو كە ژمارەی هێزەكانیان لە عێراق لە پێنج هەزار سەربازەوە بۆ دو هەزارو 500 سەرباز كەم دەكەنەوە.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، حەنەراڵ ماكێنزی، شەوی رابردو لەمیانی كۆبونەوەیەكی ڤیدیۆییدا رایگەیاندوە، بونی ئەمریكا بەسەركەوتویی چالاكییەكانی ئێران و داعشی سنورداركردوە.
ئاماژەی بەوەشداوە كە ئێران بەم دواییانە هێرشەكانی كەمكردۆتەوەو پەنای بردۆتەوە بەر ئەو هیوایەی كە لەڕێگەی پڕۆسەی سیاسییەوە لە عێراق داوای كشانەوەی هێزەكانمان بكات لەو وڵاتە.

بەڵام جەنەراڵ ماكێنزی جەختی كردۆتەوە "حكومەتی عێراق بە رونی ئاماژەی بەوەداوە كە دەیەوێت پارێزگاری لە شەراكەتی خۆی لەگەڵ ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانی بكات، لەكاتێكدا بەردەوامین لەسەر كۆتاییهێنان بە شەڕی دژبە داعش."

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد كە هێشتا داعش خاوەنی 10 هەزار چەكدارە لە عێراق و سوریاو هێشتا "هەڕەشەیەكی راستەقینەیە."

وتیشی"ئەو پێشكەوتنەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەدەستیان هێناوە، رێگە بە ئەمریكا دەدات توانا سەربازییەكانی ئێستای لە عێراق كەم بكاتەوە."

لەگەڵ ئەوەش فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا جەختی كردەوە كە دەبێت هێزەكانی وڵاتەكەی و هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بمێننەوە بۆ هاوكاریكرنی رێگرتن لە خۆڕێكخستنەوەی داعش وەك هێزێكی پتەو كە توانای ئەنجامدانی هێرشی گەورەی هەبێت.

هەروەها وتیشی"بەرپەرچدانەوە دیراسەكراوەكانی ئەمریكا سەركەوتو بون لە راگرتنی ئێران بۆ بەردەوامبون لەسەر هێرشەكانی بۆ سەر كەشتییەكان لە كەنداو و هەروەها سنورێكیشی بۆ هێرشی میلیشیاكانی لە عێراق دانا."

ئەوەشی خستەڕو"بەبڕوای من ئەمڕۆكە تارادەیەكی زۆر بەر لە ئێران گیراوە. چونكە ئەو رژێمە ئێستا دەزانێت ئێمە خاوەنی تواناو ئیرادەی وەڵامدانەوەین."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×