پارتی رەتیدەكاتەوە دەستوەردانی لە دیاریكردنی بابەشێخی نوێی ئێزیدییەكاندا كردبێت
  2020-11-20       416       
رێوڕەسمی دەستبەكاربونی بابەشێخی نوێی ئێزیدیان لە لالش

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رەتیدەكاتەوە حزبەكەیان دەستی وەردابێتە پڕۆسەی دیاریكردنی بابە شێخی ئێزیدیان و دەشڵێت: رێز لە ئەنجامی شێوازی هەڵبژاردنی بابە شێخ و بڕیارەكانی ئێزیدییەكان دەگرن.

ئاوێنە: رۆژی شەممەی رابردو لە کۆبونەوەی میرو جڤاتی رۆحانیی ئێزدییاندا لە دهۆك، بڕیاردرا شێخ عەلی ئەلیاس وەکو بابە شێخی نوێی ئێزدییان دیاری بکرێت و رۆژی چوارشەممەش ناوبراو له‌ په‌رستگای لالش له‌ قه‌زای شێخان، لە مه‌راسیمێكی ئایینیدا  وەك بابەشێخی نوێی ئێزیدیان بەڕەسمی دەستبەكاربو.

دانانی عەلی ئەلیاس بە بابەشێخی نوێی ئێزیدیان، ناڕەزایەتی توندی بەشێكی زۆری ئێزیدییەكانی نیشتەجێی قەزای شنگالی بەدوای خۆیدا هێنا بە پاساوی ئەوەی، میری ئێزیدی بە بێ گەڕانەوە بۆ خەڵكی شنگال و بە پشتیوانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بابەشێخی نوێیان داناوە.

هەر بەو هۆیەوە رۆژی 16ی ئەم مانگە قاسم شەشۆ، كارگێڕی لقی 17ی پارتی و فەرماندەی فەرماندەیی شنگال، دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە حزبەكەی و پۆستە سەربازییەكەی راگەیاندو وتی" میری ئێزدی خۆی بابەشێخی داناوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئێزدییەکانی شنگال. وەک ئەوەی باس دەکرێت پشتیوانی پارتەکەمانی لەگەڵ بوە. بۆیە من دەڵێم دەستم لە پارتی کێشایەوە. لە ئەمڕۆ بەدواوە وەکو کەسێکی بێلایەن دەمێنمەوە، فەرماندەی فەرماندەیی شنگالیش نیم."

بەڵام ئەمڕۆ هەینی، مەحمود محەمەد، وتەبێژی رەسمی پارتی، لە رونكردنەوەیەكدا رەتیكردەوە كە حزبەكەی دەستی وەردابێتە كاروباری ئێزیدییەكان لە دیاریكردنی بابەشێخی نوێدا.
وتەبێژی پارتی لە رونكردنەوەكەیدا وتویەتی"ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌دورو نزیكه‌وه‌ ته‌ده‌خول و په‌یوه‌ندیمان به‌ چۆنیه‌تی دیاریكردنی پله‌و پایه‌ جڤاكی و ئایینییه‌كانی خوشك و برایانی كوردی ئێزیدی نه‌بوه‌، به‌ڵكو رێز له‌ ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌ی شێوازی هه‌ڵبژاردنی بابه‌شێخ و بڕیاره‌كانیان ده‌گرین."

دەقی رونكردنەوەكە...

ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ ه‌وه‌

له‌ ڕوانگای باوه‌ڕبونمان به‌ ماف و ئازادییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بییەکانەوە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش به‌ ئه‌ركی خۆمان زانیوه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵی زیاتر بده‌ین بۆ قوڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌مان و، به‌كرداریش له‌ ناوخۆی پارتیمان په‌یڕه‌ویمان لێكردوه‌ و هه‌وڵمانداوه‌ له‌ به‌رنامه‌ و پلانی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن و حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیشدا ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌مان ره‌نگ بداته‌وه‌، له‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق و پڕۆژه‌ی ده‌ستوری كوردستان ئه‌وه‌مان سه‌لماندوه و، خۆمان به‌ داكوكیكاری ماف و ئازادییه‌كانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كوردستان ده‌زانین. له‌م سونگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵمانداوه‌ هاونیشتمانیانی كوردی ئێزدیش وه‌كو به‌شێكی ره‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ئازادی ته‌واویان هه‌بێ له‌ڕوی بیروباوه‌ڕی ئایینی و رێوڕه‌سمه‌كان و رێكاره‌كانی دیاریكردنی پله‌ و پایه‌ جڤاكی و ئاینییه‌كانیاندا و، هیچ جۆره‌ ده‌ستێوه‌ردانێك له‌ كاروباره‌كانیان نه‌كرێت.

به‌داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردودا (میر ته‌حسین به‌گ) كۆچی دوایی كرد و دوابه‌دوای ئه‌ویش ( بابه‌شێخ) كۆچبار بو، دیاره‌ به‌گوێره‌ی نه‌ریت و رێكاره‌كانیان، دیاریكردنی میر، كه‌ له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی میری ئێزدیان هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌نجامدرا و هه‌روه‌ها میر به‌ هه‌ماهه‌نگی ئه‌نجومه‌نی ڕوحانی ئێزدیان كه‌سێك له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی شێخانی ئێزدی دیاریده‌كه‌ن وه‌كو بابه‌شێخ، ئه‌م رێكاره‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌نجامدرا.

ئێمه‌ وێڕای پیرۆزبایی گه‌رممان له‌ خوشك و برایانی كوردی ئێزیدی، ڕایده‌گه‌یه‌نین، كه‌ له‌م ڕه‌وشه‌دا و ئێستا له‌‌ هه‌موكات زیاتر هاوڵاتیانمان پێویستیان به‌ یه‌كگرتویی و یه‌كڕیزی هه‌یه‌، تایبه‌ت دوای كاره‌ساته‌ ناخهه‌ژێنه‌كه‌ی شنگال، كه‌ به‌داخه‌وه‌ داعش ئه‌وه‌ی له‌ خه‌یاڵدانی دڕنده‌یی تیرۆرستیاندا هه‌بو له‌ دژی ژن و پیاو و منداڵ و سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵكی سه‌ربه‌رزی شنگال ئه‌نجامیاندا، له‌به‌رامبه‌ردا شنگالییه‌كان به‌هاوكاری كوردستانییانی هاونه‌ته‌وه‌یان و خه‌ڵكی شنگال و چیای شنگال ئه‌و دڕندانه‌یان ریسواكرد، هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌یه‌ك كه‌س و لایه‌ن هه‌وڵیاندا ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ به‌لاڕێدا به‌رن، به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بون.

ئێستاش كه‌ به‌گوێره‌ی رێكار و داب و نەریتی ئایینی خۆیان، ئێزدییه‌كان (بابه‌شێخ)یان دیاریكردوه‌، دیسان ئه‌و ده‌ستانه‌ی ویستیان شنگال له‌ كوردستان داببڕن و له‌ ڕێگای خه‌ڵكی شه‌نگاله‌وه‌ شه‌رعیه‌تی بونی خۆیان به‌ده‌ست بێنن و ئه‌وانه‌یشی، كه‌ جگه‌ له‌ زیان هیچ سودێكیان بۆ شنگالییه‌كان نه‌بوه‌، هه‌وڵی تێكدانی په‌یوه‌ندیی پته‌وی نێوان شنگالییه‌كان ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێ وه‌كو ڕێچكه‌ی مێژویی خۆیان بۆ تێكدانی یه‌كڕیزی، تانه‌و ته‌شه‌ر له‌ چۆنیه‌تی دیاریكردنی (بابه‌شێخ)ی خوشك و برایانی ئێزدی بده‌ن و مه‌رامی سیاسی و گرێ ده‌رونییه‌كانیان له‌ په‌نای ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ له‌ دژایه‌تیكردنی پارتیمان بهێننه‌دی.

لێره‌وه‌ بۆ هه‌مو شنگالییه‌ جوامێر و خۆڕاگره‌كان به‌ تایبه‌تی و، هه‌وڵاتیانی كوردستان به‌گشتی، رایده‌گه‌یه‌نین: كه‌ ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌دور و نزیكه‌وه‌ ته‌ده‌خول و په‌یوه‌ندیمان به‌ چۆنیه‌تی دیاریكردنی پله‌ و پایه‌ جڤاكی و ئاینیه‌كانی خوشك و برایانی كوردی ئێزیدی نه‌بوه‌، به‌ڵكو رێز له‌ ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌ی شێوازی هه‌ڵبژاردنی بابه‌شێخ و بڕیاره‌كانیان ده‌گرین و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازین. هاوكات دڵنیاین، کە شنگالییه‌كان زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر و شاره‌زاتر و زاناترن، كه‌ حه‌ڵكێكی بێگانه‌ هه‌وڵبدات ناكۆكی و دوبه‌ره‌كیان له‌ناودا دروست بكات و ده‌ست بخاته‌ ناو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیان و، پێشینه‌شیان هه‌یه‌ له‌ ریسواكردنی ئه‌و ده‌ستانه‌ و یه‌كڕیزی خۆیان پاراستوه‌.

مه‌حمود محه‌مه‌د
وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
20ی 11ی 2020

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×