سەفار: پشكی هەرێم لە بودجەی 2021دا بەپێی رێككەوتنی نێوان بەغداو هەولێر دەبێت
  2020-11-21       597       

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پشكی هەرێم لە پڕۆژەی یاسای بودجەی 2021دا بەپێی رێككەوتنی نێوان بەغداو هەولێر دەبێت و دەشڵێت: بەم زوانە حكومەتی هەرێمی كوردستان دو وەفد دەنێرێتە بەغدا كە یەكێكیان سیاسی و ئەویدیكەیان تەكنیكییە.

ئاوێنە: بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی، دەبێت بودجە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم بنێردرێتە پەرلەمان، ئەحمەد سەفار بە رۆژنامەی سەباحی نیمچەڕەسمی راگەیاندوە"ئەوە مانگ و نیوێکە دواکەوتون، لەبەرئەوە.. لەوانەیە موچەی مانگی کانونی دوەمی ساڵی داهاتو هەفتەیەک بۆ دو هەفتە دوابکەوێت."

 سەبارەت بە پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، سەفار وتویەتی"پێویستە ڕێککەوتنەکەى هەولێر و بەغدا نوێ بکرێتەوە و دەستکاری بکرێت، چونکە بەشێک لە لایەنە شیعییەکان لەدوای پەسەندکردنی یاسای قەرزەکان ڕا و بۆچونیان گۆڕیوە." 

وتیشی، پشکی هەرێم لە یاساکە بەپێی ڕێککەوتن و لەسەر بنەمای دەستور و یاسای ئیدارەى وڵات دیاری دەکرێت و جەختی لەوەکردەوە کە لەدوای ناردنی پڕۆژەیاساکەوە بۆ پەرلەمان، "پێویستمان بە 45 ڕۆژ هەیە بۆ وردبینیکردنی."

ئەوەشی خستەڕو"حکومەتی هەرێمی کوردستان دو وەفدی باڵا دەنێرێتە بەغدا کە یەکێکیان سیاسییە و ئەوی تریان تەكنیكییە بە مەبەستی جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە، بە شێوەیەک نیگەرانی موچەخۆرانی هەرێم بڕەوێنێتەوە."

ئەحمەد سەفار لەبارەی كاتی سەردانی ئەو وەفدانەوە رایگەیاند، بڕیارە بەمزوانە سەردانەكە ئەنجام بدرێت و بەقسەی ئەو سەردانەكە تاوتوێكردنی موچەی مانگەكانی تشرینی دوەم و كانونی یەكەیمی ئەمساڵیش لە خۆدەگرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×