دو دۆکیومێنت و دنیایەک پرسیار! (بێگومان لەیادی شەهیدانی یەکێتیدا)
  2020-11-21       2443       

خەبات عەبدوڵا

دۆکیومێنتی یەکەم: پاش ئەوەی لیژنەی ئەمنیی بەعس لە سلێمانی بەسەرۆکایەتی پارێزگاری پێشوتری سلێمانی جەعفەر عەبدولکەریم بەرزنجی، بڕیاری گوللـەبارانکردنی ئارام حەمە کەریم، سەردار عوسمان و هیوا فایەق لەڕۆژی ١٩٨٥/١٢/١٧ لەبەردەم ئامادەیی ڕۆشنبیری سلێمانی و بەبەرچاوی خەڵکەوە دەدات و لاشەکانیان لەڕێی شارەوانییەوەو دور لەچاوی کەسوکارەکانیان هەر یەکەیان لە گۆڕستانێک گۆڕغەریب دەکات، هەمان لیژنەی ئەمنی خانوەکانیان دەڕوخێنن و خێزانەکانیان دەستبەسەر دەکەن. پاشان لەڕێی لیژنەیەکی (عەقاراتی دەولە) لەسلێمانی، بڕیاری بەتاڵانبردنی ماڵەکانیان و فرۆشتنی کەلوپەلەکانیان لەزیادکردنێکی ئاشکرادا، دەدەن.

زۆربەی ئەندامانی لیژنەکە بەداخەوە کورد بون. (بڕوانە دۆکیومێنتی ژمارە ١: نمونەیەک لە فەرمانی لیژنەی بەتاڵانبردن.)

دۆکیومێنتی دوەم: بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ئەوانەی تەمەنیان خوار هەژدە ساڵ بوە، داودەزگە ئەمنییەکانی بەعس لەسلێمانی لەڕێی لیژنەی تەندروستییەوەو بەناوی ڕاستکردنەوەی تەمەن، پەنایان بردۆتە بەر گەورەکردنی تەمەنی زۆرێک لەو گیراوانەی تەمەنیان هەژدە بەهاری تێنەپەڕاندبو.

زۆربەی ئەندامانی لیژنە تەندروستییەکە بەداخەوە کورد بون. (بڕوانە دۆکیومێنتی ژمارە ٢.)

دەربارەی دۆکیومێنتی یەکەم: پاش ڕوخانی فاشیزمی بەعسی و هەڵاتنی پارێزگاری پێشوتری سلێمانی (ئەمجارەیان) لە بەغداوە بۆ سلێمانی، کەسوکاری شەهیدانی ئامادەیی رۆشنبیری سلێمانی لەڕێی دادگاوە سکاڵایان لەسەر ناوبراو تۆمارکرد. بەڵام لەبەرئەوەی بەقسەی کەسوکاری شەهیدەکان ناوبراو لە ماڵی یەکێک لە بەرپرسە دەستڕۆیشتوەکانی یەکێتی داڵدە درابو، دادوەرە بەڕێزەکە دەستبەرداری بەدواداچونی کەیسەکە بو، دواتریش پارێزگاری تاوانبار دەربازکراو بەرەو دەرەوەی عێراق بۆ دواجار هەڵات. (بڕوانە سکاڵای کەسوکاری شەهیدانی ئامادەیی ڕۆشنبیری سلێمانی.)

دەربارەی دۆکیومێنتی دوەم: دایکی یەکێک لەو شەهیدانەی کە تەمەنی کوڕەکەی بەمەبەستی لەسێدارەدان گەورە کراوە، سکاڵای لەو دکتۆرە کوردانە کردوە کە لیژنە بون و تەمەنی کوڕەکەیان بەمەبەستی لەسێدارەدانی، ساڵێک بۆ گەورە کردوە. هەروەها سکاڵاشی لەو لیژنەیە کردوە کە پاش ئەو کارەساتەی بەسەریدا هاتوەو جگەرگۆشەکەی لەدەست داوە، ماڵەکەشیان بەتاڵان بردون. (بڕوانە سکاڵای دایکی شەهیدەکە.)

بۆ زانین: بەشێک لەناوی ئەو کەسانەی لیژنە بون و ناویان لەسەر دۆکیومێنتەکان هاتون، سڕیومنەتەوە. ئەوانە حاڵی حازر بەشێکیان پۆستیان هەیە، بەشێکیان پارە، یاخود لە هەردوکیان بەهرەمەندن.

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×