وەزیرەکانی گۆڕان و بەرپرسانی گۆڕان لەگردەکە کۆبوونەوە
  2020-11-21       498       

ڕێکخەرى گشتى و خانەى ڕاپەڕاندن و تیمى وزارى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبونەوە، ئەندامێکى خانەى ڕاپەڕاندنیش دەڵێت:”لە کۆبونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەداى حکومەت کرا و بارى سەرنجى خەڵک و خۆشمان بە ڕاپۆرتێک دایە تیمى گۆڕان لە حکومەت”.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شەممە (21/11/2020)، کۆبونەوەى ڕێکخەرى گشتى و خانەى ڕاپەڕاندن و تیمى گۆڕان لە حکومەت لە مەکۆى سەرەکى بەڕێوەچو.

شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە بارەى کۆبونەوەکەوە بەمیدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند، ئەوە کۆبونەوەیەکى دەورییە هەر چەند مانگ جارێک خانەى راپەڕاندن و تیمى حکومەت کۆدەبینەوە، کە تێیدا هەڵسەنگاندنى ئێمە بۆ ئەوان و ئەوانیش چالاکى و وردکردنەوەى ئەو پڕۆژانەى هەیانە تاوتوێکران و تیشک خرایە سەر کەموکورتییەکان”.

ئاماژەى بەوەش کرد، بەشێکى کۆبونەوەکە تایبەتبووە بە کاروبارەکانى حکومەت بەتایبەت بابەتى چاکسازى و پێکهێنانى ئەنجومەنى باڵاى چاکسازى و ئەو پلان و بەرنامانەى بەپێى رێککەوتنى پێکهێنانى کابینەى نۆ لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەریان رێککەوتون بۆئەوەى “کارا بکرێن بە ئامانجى جێبەجێکردنیان”.

وتیشى:”بارى سەرنجى خەڵک و هەڵسوڕاوەکانمان و خۆشمان لە چوارچێوەى راپۆرتێکدا دەدەینە تیمى حکومەت، بە سەرۆکى تیمى حکومەت و وەزیرەکانمان و بریکارى وەزارەتەکان، بەنیازیشین لە داهاتودا کۆبونەوەیەکى فراوانتر بکەین کە هەمو تیمى حکومەت بە راویژکارەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بەشداربن، بەهەمان شێوە کۆبونەوەیەکى دیکەى تیمى حکومەتى خۆجێیش لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتى و قائیمقام و بەڕیوەبەرى ناحییەکان ئەنجام دەدەین”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×