بایدن كاندیدی وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو چەند پۆستێكی دیكەی یەكلاكردنەوە
  2020-11-23       664       

جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێدراوی ئەمریكا، ئەمڕۆ دوشەممە، ژمارەیەك لە كاندیدانی پۆستە باڵاكانی تیمی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەكەی كە بڕیارە لە مانگی كانونی دوەمی ساڵی داهاتودا دەستبەكاربێت یەكلاكردەوە، كە لەنێویاندا ئەنتۆنی بلینكین بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە كاندیدكراوە.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، جۆ بایدن، جەیك سولیڤانی بۆ پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و لیندار تۆماسی بۆ باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەلیخاندرۆ مایۆركاسی بۆ سەرۆكایەتی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و جۆن كێری وەك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا یەكلاكردۆتەوە.

ئەنتۆنی بلیكین، تەمەن 58 ساڵ، پێشتر یاریدەدەری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا بوەو دوای ئەوەش یاریدەدەری یەكەمی وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریكا، جۆن كێری بوە.

بەپێی میدیا ئەمریكییەكان، بلینكین، یەكێكە لە پاڵپشتیكارەكانی ئەورپاو سیستمی كاركردنی پێكەوەیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

چاوەڕوان ئەكرێت وەزیری دەرەوەی داهاتوی ئەمریكا هاوكار بێت لە دڵنیاكردنەوەی ئەو هاوپەیمانانەی ئەمریكا كە لەسەردەمی كابینەكەی دۆناڵد ترەمپدا پەراوێزخران.

ئەنتۆنی بلینكین و جەیك سولیڤان، هەردوكیان پێشتر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە سەردەمی ئۆباما پۆستی باڵایان هەبوەو رۆڵیان هەبوە لەو گفتوگۆیانەدا كە ئاكامەكەی رێككەوتنی ئەتۆمی وڵاتانی زلهێز بو لەگەڵ ئێران.

بلینكین دژی سیاسەتی مامەڵەكردنی ترامپ بو لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و لە ساڵی 2017دا رەخنەی توندی لە پرسی قسەكردن لەسەر كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە گرت.

هەروەها پێشی وابو كە ئەو سەرۆكەی دوای ترەمپ دێت، روبەروی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە بۆ یەكخستنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە روبەڕوبونەوەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×