وتەبێژی رەسمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستی لەكار كێشایەوە
  2020-11-26       506       

ئەحمەد مەلا تەڵال، وتەبێژی رەسمی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی راگەیاند.

ئاوێنە: ئەحمەد تەڵال، لە تویتێكدا نوسیویەتی"(ئەركەكەم) ئەركێكی وردو هەستیار بو، لەلایەن پیاوێكی نیشتمانپەرو نیازپاكەوە بۆ وەرگرتنی راسپێردرام كە بۆ بەدیهێنانی پڕۆژەیەكی باڵا تێدەكۆشا لەڕێگەی تیمێكی ئازاو دڵسۆزەوە."

وتوشیەتی"ئەو كەسە تێگەیشتنی خۆی بۆ واقیعەكە هەبو و تێگەیشتنی منیش جیاواز بو."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لە شوێن و بوارێكی دیكەدا، بەردەوام دەبم لەسەر خزمەتكردنی وڵات و دۆزەكەم."

مستەفا كازمی رۆژی 23ی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئەحمەد مەلا تەڵال-ی وەك وتەبێژی خۆی دیاریكرد، ئەو بەر لە دەستبەكاربونی لەو پۆستە ماوەی چەند ساڵێك بو وەك راگەیاندنكار، كاری دەكرد.

رۆژی سێشەممەی رابردو، دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لەبری ئەحمەد تەڵال، حەسەن نازم، وەزیری رۆشنبیری عێراق كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجومەنی وەزیرانی گرێدا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×