بەلەمێکی پەنابەران لە نزیک دورگەی "کەناری" لە ئیسپانیا ژێر ئاو کەوت
  2020-11-27       479       

بەلەمێکی پەنابەران لە وڵاتی ئیسپانیا ژێرئاو دەکەوێت و تەرمی نۆ پەنابەر دەدۆزێتەوەو گەڕانیش بەدوای پەنابەری دیكە بەردەوامە.

ئاوێنە،زریان محەمەد: دەشتی جەمال، سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەران بە ئاوێنەی راگەیاند"رێکەوتی ٢٤/١١/٢٠٢٠ بەلەمێکی پەنابەران لە نزیک دورگەی کەناری لە ئیسپانیا ژێر ئاو دەکەوێت بەپێی لێدوانی بەرپرسی خزمەتگوزاری لەناکاوی دورگەکە، پەنابەرەکان مەغریبین و لە مەغریبەوە بەڕێکەوتبون و تا ڕێکەوتی ٢٦/١١/٢٠٢٠ تەرمی نۆ پەنابەر دۆزراونەتەوە و (٢٨) پەنابەریش رزگارکراون و گەڕان و پشکنینیش بەردەوامە."

راشیگەیاند"بەپێی ئامارە فەرمیەکانی ئیسپانیا لەسەرەتای ساڵەوە 17 هەزار پەنابەر گەیشتونەتە دورگەکانی سەر بەدورگەی کەناری کە ئەم ژمارەیە دە جار زیاترە لەساڵی پار."

ڕێگاکانی گەیشتن بەدورگەکانی ئیسپانیا بەتایبەتی دورگەی (کەناری) بە خوێناویترین ڕێگا دادەنرێت بۆ پەڕینەوەی پەنابەران ڕێکخراوی نەتەوەیەکرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئەمساڵ سەدان ڕوداوی گیانلەدەستدانی پەنابەرانی لەو ڕێگا دەریاییە تۆمارکردوەو لەسەرەتای ساڵەوە چەند بەلەمێکی پەنابەران لەو دەریایە بێسەرو شوێن بون و تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا حکومەتی ئیسپانیا بەڵێنیدا شوێنی مانەوە بۆ ئەو پەنابەرانەی گەیشتونەتە دورگەکان بەتایبەتی دورگەی کەناری دروست بکات چونکە بەشێکی زۆری پەنابەران لە گوندەکان و نزیک گوندەکان شەو ڕۆژیان بەڕێدەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×