زانایەکی ئەتۆمی ئێران لەتاران کوژرا
  2020-11-27       586       
وێنه‌ی‌ شوێنی‌ كوژرانی‌ موحسین فەخری زادە

ئاژانسەكانی ئێران بڵاویانكردەوە، زانایەکی ئەتۆمی ئێران بەناوی موحسین فەخریزادە لەناوچەی ئابسەردی دەماوەند لەتاران کوژرا. 

ئاوێنه‌: ئاژانسی فارس بڵاویکردەوە، موحسین فەخریزادە، زاناو بەرپرسی یەكەمی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەروداوێكی تەمومژاویدا لەناوچەی ئابسەردی دەماوەند لەتاران بەدەستڕێژی گولە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە تیرۆر کرا، لەئەنجامی روبەڕوبونەوە، سێ کەس لەگروپە چەکدارەکە کوژراون.

موحسین فەخریزادە، یەكێكە لەو كەسایەتییانەی ناوی لەلیستی سزادراوەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بەرێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكاندایەو لەپلەی یەكەمی زاناو شارەزاكانی بواری زانستی وزەی ئەتۆمیدایە لەئێران.

فەخریزادە لەساڵی 1961 لەدایکبووەو پرۆفیسۆری زانستی فیزیا بووە لەزانکۆی ئیمام حوسێن لەتاران.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریێتیی خۆی لەکوشتنی ئەو زانایەی بواری ئەتۆمی‌ ئێران رانەگەیاندووە. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×