لەناسرییە خۆپیشاندەرێک کوژرا
  2020-11-27       286       
له‌خۆپیشاندانەکانی ناسرییە، کەسێک کوژراو 49 دیکەش برینداربون.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ هەینی لایەنگرانی  موقتەدا سەدر  لەشاره‌كانی‌ بەغداو ناسرییەو ژمارەیەك پارێزگای دیكە خۆپیشاندانیان ئەنجامداو خۆپیشاندانەکان توندوتیژی لێکەوتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، له‌خۆپیشاندانەکانی ناسرییە گرژی‌‌و ئاڵۆزی‌ دروستبووه‌و له‌ئه‌نجامدا کەسێک کوژراوه‌و 49 كه‌سی‌ دیکەش برینداربون.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لەپایتەختی عێراق‌و ژمارەیەك پارێزگای دیكە لایەنگرانی رێبەری رەوتی سەدر رژانە مەیدانەكانی خۆپیشاندان‌و نوێژی هەینیان لەو مەیدانانە ئەنجامدا. هاوكات وتاری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیی ناڕەزایەتییەكانەوە لەگۆڕەپانی تەحریر خوێنرایەوە.
 
سەدر لەوتارەکەیدا رایگه‌یاند، "پابەندین کە بەرێگەی یاسایی، نەك توندوتیژی، كوشتن، سوتاندن، داخستنی رێگەكان، داگیركاری، بۆردومانكردن‌و ستەم بەرگری لەبیروباوەڕمان بكەین. پابەندین بەرگریی لە عێراق بكەین بەرامبەر ئەو گەندەڵكارانەی لەوڵاتدا كورسی‌و پۆستی هەستیاریان بەدەستەوەیە. پرۆژەی چاكسازیش ئەمانەتێكە لەئەستۆی ئێمەدایە."
 
موقتەدا سەدر وتیشی‌، "چاومان لەدەسەڵات نییە، بەڵكو چاومان لەبەزەیی و سەركەوتنی خودایە. خودایە، بەسەر گەندەڵكاران و ئەو لادەرانەدا سەرمان بخە كە خراپەیان بۆ عێراق دەوێت، ئەوانەی دەیانەوێت‌ گەل ملكەچ بكەن، سامان و داهاتی بدزن، عێراق بەژێردەستەی دەرەوە و رۆژهەڵات و رۆژئاوا بمێنێتەوە، ئەوانەی دەیانەوێت‌ پەیوەندییەكان لەگەڵ زایۆنیزمی داگیركار ئاسایی بكەنەوە، خراپەكاری و هاوڕەگەزبازی و سەرخۆشی بڵاوبێتەوە!"
 
راشیگه‌یاند، "ئێمە لەنێو هۆڵی پەرلەماندا بە زۆرینەی دەنگی ئەو سەدرییانەی بڕوایان بە چاكسازیی ئایین و نیشتمان هەیە، بەرامبەر ئەوانەی دنیایان بە قوربانی ئایینەكەیان دەكەن، گیانی خۆیان دەكەنە قوربانی نیشتمان و بە ئەندازەی گەردیلەیەك لە بەرامبەر خۆشییەكانی دنیا لانادەن، پابەندی بەرگریکردنین."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×