خامەنەیی: سزای بكوژانی موحسین فەخری زادە بدرێت
  2020-11-28       536       

ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، پێویستە سزای بكوژان و ئەوانەش بدرێت كە فەرمانیان بە كوشتنی موحسین فەخری زادە، زانای ئەتۆمی ئێران و یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە كردوە. سەرۆك كۆماری ئێرانیش دەڵێت: كوشتنی فەخری زادە بێ وەڵام نابێت.

ئاوێنە: ئاپەتوڵا عەلی خامەنەیی، ئەمڕۆ شەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، پێویستە بەدواداچون بۆ روداوی كوشتنی فەخری زادە بكرێت و سزای بكوژانی و ئەوانەش بدرێت كە فەرمانی كوشتنیان داوە.

هەروەها داواشی لە بەرپرسانی وڵاتەكەی كردوە كە درێژە بە رێگەكەی ئەو زانا ئەتۆمییە بدەن.

لەلای خۆیشییەوە حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی لەوە "ئازاتر" و "شكۆدارترە" كە كوشتنی فەخری زادە "بێ وەڵام" بهێڵێتەوەو لە كاتێكی گونجاودا وەڵامی بۆ كردەوەیە دەبێت.

پێشتریش راوێژكاری سەربازی ئایەتوڵا عەلی حامەنەیی بەڵێنی تۆڵەكردنەوەی كوشتنی فەخری زادەی دابو و پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیسرائیل راكێشابو.

فەخری زادە، كە دوێنی لەلایەن چەند چەكدارێكەوە لە نێو ئۆتۆمبێلەكەیدا لەنزیك تاران تەقەی لێكرا، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

پێشتر موحسن فەخری زادە، لەلایەن ئیسرائیلەوە بەوە تۆمەتباركرابو كە عەقڵی گەورەی بەرنامە نهێنییە ئەتۆمییەكەی ئێرانە.

ئاژانسەكانی هەواڵگریی رۆژئاواش فەخری زادە بە بەرپرسی بەرنامەی نهێنی چەكی ئەتۆمی ئێران دەزانن.

لەماوەی نێوان 2004 تاوەكو 2012 چوار زانای ئێرانی كوژران كە ئێران، ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات بە تێوەگلان لەو كردەوانە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×