داعش بەموشەك هێرشی كردە سەر پاڵاوتگەیەكی نەوت لە پارێزگای سەڵاحەدین
  2020-11-29       494       

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، پاڵاوتگەیەكی نەوت لە پارێزگای سەڵاحەدین بە موشەك كرایە ئامانج و بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە یەكێك لە كۆگاكانیدا كاركردن لە پاڵاوتگەكە راگیراو رێكخراوی داعش-یش بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری دو بەرپرسی پاڵاوتگەی "سینیە"وە لە پارێزگای سەڵاحەدین، بڵاویكردۆتەوە، كە موشەكێك لە پاڵاوتگەكە كەوتۆتە خوارەوەو بۆتە هۆی كەوتنەوەی ئاگر لە یەكێك لە كۆگاكانیداو ئاگرەكەش بەرەو تۆڕەكانی بۆری نەوتی نزیك كۆگاكە تەشەنەی سەندوە بۆیە كاركردن لە پاڵاوتگەكە راگیراوە.

بەپێی هەواڵەكەی رۆیتەرز رێكخراوی داعش لە بەیاننامەیەكدا بەرپرسیارێكی هێرشكردنە سەر پاڵاوتگەی "سینیە"ی لە ئەستۆ گرتوەو باسی لەوە كردوە كە لە هێرشەكەدا دو موشەكی كاتیۆشا بەكارهێنراون.

لەلایەكی دیكەوە وتەبێژی كۆمپانیای پاڵاوتگەكانی باكوری عێراق رایگەیاند، دو موشەكە لە پاڵاوتگەكەكە كەوتونەتە خوارەوەو بونەتە هۆی كەوتنەوەی ئاگر تێیدا بەڵام كۆنترۆڵی روداوەكە كراوە.

دو بەرپرس بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندوە، كاكردن لە پاڵاوتگەكە وەك رێكارێكی ئەمنی بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان، راگیراوە، كە رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت.

لەلای خۆیشییەوە وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، تیمەكانی ئاگركوژێنەوە توانیویانە ئاگری نێو كۆگای سوتەمەنییەكە بكوژێننەوەو لەزاری حەمید یونس، جێگری وەزیری نەوتیشەوە وتویەتی: پێشبینی دەكەن لە چەند سەعاتی كەمی داهاتودا كاركردن لە پاڵاوتگەكە دەستپێبكاتەوە ئەوەش دوای هەڵسەنگاندنی زیانەكان.

بەگوێرەی بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق كە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی رەسمی وڵاتەكەوە بڵاوكراوەتەوە، یەك موشەك لە پاڵاوتگەكە كەوتۆتە خوارەوەو هیچ زیانێكی گیانیشی بەدواوە نەبوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×