راكان جبوری داوای رەزامەندی كازمی دەكات بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەی كەركوك
  2020-11-30       427       
ئۆكتۆبەری 2019، قیرتاوكردنی شەقامەكانی نێو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك. فۆتۆ: راگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك

راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك رایگەیاند، داواكارییەكمان پێشكەش كردوە بۆ ئەوەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق وادەیەك دیاری بكات بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك و دەشڵێت: فڕۆكەخانەكە دۆخێكی نوێ بە پارێزگاكە دەدات و هەزاران هەلی كاریش دەڕەخسێنێت.

ئاوێنە: راكان جبوری، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراقی وتوە: كەوتنە كاری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك هەزاران هەلی كار بۆ خەڵكی پارێزگاكە دەڕەخسێنێت و بەشدار دەبێت لە كاراكردنی دۆخی ئابوری.

ئەوەشی خستۆتەڕو: لایەنە تەكنیكییەكانی فڕۆكەخانەكە تەواو بون و كارەكانی گەیشتونەتە قۆناغەكانی كۆتایی و ئاشكراشیكردوە كە ئیدارەی كەركوك داواكارییەكی پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كردوە بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی تا وادەیەك بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانە لە ماوەی داهاتودا دابنێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە فڕۆكەخانەكە پارێزگاكە دەباتە دۆخێكی نوێ و وێڕای گرنگییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكەیشی، بەشدار دەبێت لە كاراكردنی كەرتی كشتوكاڵ و راكێشانی وەبەرهێنەران بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكەو دەستكەوتێكیش دەبێت بۆ هەردو حكومەتی لۆكاڵی و ئیتیحادی.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×