عەدنان عوسمان: شەو و رۆژ هەردو قاچمان لە بەرەی مافخوراواندایە
  2020-11-30       748       

عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ستایشی هەڵوێستی ئەمڕۆی پەرلەمانتارانی ناڕازی دەكات لە كۆبونەوەی پەرلەماندا، دەشڵێت: گۆڕان شەو و رۆژ هەردو قاچی لەبەرەی مافخوراواندایە.

ئاوێنە: عەدنان عوسمان لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"هەڵوێستی ئەمڕۆی پەرلەمانتارانی ناڕازی و بەتایبەتیش گۆڕانەکان، جێی ستایش و دەستخۆشی و پشتگیرییە."
وتوشیەتی"ئەوە ئیتر گەڕانەوەیە بۆ بەهاکانی کارکردنی گۆڕانی راستەقینەی دژ بە گەندەڵی و فەرهودی."

جەختیشی كردۆتەوە كە "بزوتنەوەی گۆڕان دەبێ بە دەسەڵات بڵێ ئیتر بەسە نە ئێمەو نە میلەت لە تەحەمولماندا نەماوەو شەو و رۆژیش هەردو قاچمان لەبەرەی مافخوراواندایە. جڤاتیش دەبێ قسەی خۆی هەبێت."

ئەوەش لەكاتێكدا كە لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەك پەرلەمانتار داوایان كرد كە پرسی نەدانی موچەی فەرمانبەران بخرێتە بەرنامەی كارەوەو بەو هۆیەشەوە گرژی دروست بو و دانیشتنەكە هەڵگیرا.

دوای ئەوەش ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئێمە رێك نەكەوتوین لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كە شەو ئۆپۆزسیۆن بێت و بە رۆژ لە دەسەڵات بێت. لەوبارەیەوە قسەمان لەگەڵ گۆڕان كردوەو قسەشیان لەگەڵ دەكەین. چونكە ئاوا ناچێتە سەر.

دوای ئەوەش بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێكدا وتی: هەڵوێستی رەسمیان لەلایەن بزوتنەوەكەوە بڵاودەكرێتەوەو هەمو لێدوانی بەرپرسانی حزبی و حكومی و پەرلەمانتارەكانیان بۆ میدیاكان، گوزارشت لە رای رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×