لە ھەولێر گەنجێک کوژرا و دوانی دیکەش بریندار بوون
  2020-12-01       646       
درەنگانی شەوی رابردوو لە هەولێر شەڕ لەنێوان سێ گەنج روودەدات، بەهۆیەوە گەنجێک کوژراوە و دووانی دیکەش بریندارن. کە یەکێکیان تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکەیە. سەرچاوەیەکیش لە پۆلیسی هەولێر دەڵێت" تۆمەباری سەرەکی دەستگیرکراوە."

ئاوێنە: ئەو گەنجەی کوژراوە ناوی نێچیرڤان عەبدولڕەحیمە و تەمەنی 27 ساڵە و باوکی فەرماندەیەکی سەربازییە لە میحوەری خازر. بەپێی زانیارییەکان "ئەو کەسەی نێچیرڤانی کوشتوە قەرزداری بووە."

کوردۆ هەرکی، ئامۆزای نێچیرڤان لەبارەی رووداوەکە، بە رووداو راگەیاند، رووداوەکە لە دوای کاژێر 11ی شەوی رابردوو روویداوە "نێچیرڤان تەلەفۆنی بۆ تۆمەتبارەکە کردووە و گوتویەتی قەرزەکەم بدەوە و پێویستمان پێیەتی، ئەویش وتویەتی باشە. چونکە ئەو کوڕە قەرزداری ئامۆزاکەم بووە."

ئامۆزای نێچیرڤان ئاماژە بەوەش دەدات "دواتر ئەو کەسەی نێچیرڤانی کوشتووە رۆیشتووە پارەکەی پێبدات، لەو کاتەدا هاوڕێیەکی کە لەگەڵ نێچیرڤان بووە چووە پارەکە وەربگرێت، بەڵام دواتر بە چەقۆ برادەرەکەی بریندار دەکات. پاشان نێچیرڤان دەچێت بۆ ئەوەی شەڕەکە هێوربکاتەوە، بەڵام ئەو تۆمەتبارە چەقۆیەک لە قۆڵی نێچیرڤان دەدات و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەستدەدات."

نێچیرڤان عەبدولڕەحیم دانیشتووی شارۆچکەی تۆپزاوایە لە هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 1-12-2020 لە شێخ بازی ناحیەی کەڵەک بەخاک سپێردرا.

بەپێی زانیارییەکان هاوڕێکەی نێچیرڤان چەند چەقۆیەکی پێکەوتووە و ئەویش برینداربووە، هەروەها تۆمەتبارەکەش بریندارە و لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×