فراکسیۆنی گۆڕان وه‌ڵامی ئومێد خۆشناوی دایه‌وه‌
  2020-12-01       992       
فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ڵامی سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، بزوتنەوەكه‌یان تەنھا بەمەبەستی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی باری لاسەنگی دارایی و شەفافیەت لە داھات و بنەبڕكردنی گەندەڵی رێكەوتنی ئەنجامداوە و بەشداری لە حكومەت كردووە.

ئاوێنه‌: دوێنێ دووشه‌ممه‌ له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستاندا به‌هۆی تێكدانی دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان و رێگریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ كه‌ به‌شێكیان له‌ فراكسیۆنی گۆڕان بوون، ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی رایگه‌یاند، داوا له‌ حزبه‌كه‌ی ده‌كات به‌ رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ گۆڕاندا بچێته‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان:
دوێنێ دەرئەنجامی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان كە ئاڵۆزی لێكەوتەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وەك جۆرێك لە ھەڕەشە رایگەیاند كە داوا لە حزبەكەی دەكات بە رێككەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بچێتەوە.

ئێمە لێرەوە رایدەگەیەنین:

1- بزوتنەوەی گۆڕان تەنھا و تەنھا بەمەبەستی چاكسازی و راستكردنەوەی باری لاسەنگی دارایی و شەفافیەت لە داھات و بنەبڕكردنی گەندەڵی و قاچاخچێتی رێكەوتنی ئەنجامداوە و بەشداری لەحكومەت كردووە.

2- لە دروستبوونی ئەم حكومەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان پشوودرێژانە شانی داوەتەبەر ھەموو ئەو نەھامەتییانەی كە حوكمڕانی كوردی لە دوای راپەڕینەوە بەرھەمی ھێناوە، ھەموو ئەوەش لەپێناو چاکسازی و مانەوەی قەوارەی ھەرێم و دوبارەنەبوونەوەی ئەزمونی دووئیدارەیی بووە.

3- ھەرچی پۆستی بزووتنەوەی گۆڕان ھەیە لە حكومەتدا، مافی خۆیەتی نەك تەنھا وەك پشكی حزبیی، بەڵكو گەر وەك ھاوڵاتیش كە ژمارەی راستەقینەی زۆر زیاترە لەوەی كە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان راگەیەنراوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو مانەوەی ھەرێمدا بە ٪‏12ی پۆستەكان ڕازی بووە كە خودی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش دەزانێت چی دزی و ساختەكارییەك لە ھەڵبژاردنەكاندا ئەنجامدراوە.

4- لێرەوە بێمنەتانە رایدەگەیەنین فەرموون وەك فراكسیۆنی پارتی كۆی بەرنامەی حكومەتی پێكھێنراو لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان بھێننە سەر مێزی گفتوگۆ و با لە پەرلەماندا شەفافانە بۆ رای گشی رایبگەیەنین و بزانین چەند خاڵ لەو كارنامەیە بۆ بەرژەوەندی خەڵك جێبەجێ كراوە و كێ لایەنی كەمتەرخەم بووە؟.

5- لە كۆتاییدا پێویستە ئەو راستییەی حوكمڕانی بە بیر سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بھێنینەوە كە حوكمڕانی ئامانج لێی خزمەتكردنی خەڵكە، چوونە حكومەت بەمانای بێدەنگبوون لە قوت و مووچە و گەندەڵی نایەت، بەتایبەت كە ئەركی سەرەکی پەرلەمان چاودێریكردنی حكومەت و لێپرسینەوەیە لێی وەك لە رێكەوتنی پێكھێنانی كابینەكەشدا ھاتوە، تەنانەت كە ئەگەر پارتی بە تەنھا حكومەتی پێكبھێنایە، بۆیە بە بەشداری لە حكومەت، گۆڕان دەستەمۆ نابێت.

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان

1-12-
2020
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×