د. بەشیر حەداد داوا دەکات حکومەتی هەرێم شاندێکی هونەری‌و سیاسی بنێرێتە بەغدا
  2020-12-01       594       
د. بەشیر خەلیل
به‌مه‌به‌ستی‌ چارەسەرکردنی كیشەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا، د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندێکی هونەری‌و سیاسی بنێرێتە بەغدا.

ئاوێنه‌: د. بەشیر خەلیل رایگەیاندووه‌، "کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا تەنیا لەرێگەی گفتوگۆو دانوستاندنەوە چارەسەر دەکرێن‌و هیچ رێگەیەکی دیکە جگە لەکۆبونەوە لەسەر مێزی دانوستاندن نییە بۆ ئەوەی چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکان بکەن."

ناوبراو داواش لەحکومەتی هەرێمی کودستان دەکات شاندێکی هونەری‌و سیاسی رەوانەی بەغدا بکەن تاوەکو لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆو دانوستان بکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک لەمەڕ کێشە سیاسی و داراییەکان، بەتایبەت کێشەی نەوت‌و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەش بەوەدەکات کە لەداهاتویەکی نزیکدا پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ دێتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، بۆیە پێش ئەوە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندێک رەوانەی بەغدا بکات‌و لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەنە رێککەوتنێک‌و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو پرۆژە یاسایەدا جێگیر بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×