بەهادین نوری.. ئەو پاسکیلسوارەی بەغدای هەژاندبو
  2020-12-01       1893       
بەهادین نوری لەسەر عەرەبانەو کاکەحەمە هاوەڵی دەکات

کاوە شێخ عەبدوڵا

گەنجێکی کورد ساڵی ۱۹٤۹ لەسلێمانییەوە دەچێ بۆ شاری بەغداو دوای ماوەیەکی کەم، دەبێ بەسکرتێری گەورەترین حزب لەهەموو عێراقدا.. ئەویش حزبی شیوعی عێراق.

گەنجێکی گەورەبووی لادێ و ئاشنا بەحوجرەو مزگەوت، بێ ئەوەی ئەزموون و شارەزاییەکی ئەوتۆی هەبێ سەری پەتی ململانێی فیکریی و ئایدۆلۆژیی دەگرێتە دەست و سەرکردایەتی هەزاران ئەندام و لایەنگری کۆمۆنیست دەکات.

لەو کاتەی دەوڵەتی پاشایەتی عێراق بە هاوکاری ئینگلیز تینوو بوو بەخوێنی سەری کۆمۆنیستەکان و لەناو درزی دیواردا بۆیان دەگەڕا تا دەستگیریان بکات یان لە سێدارەیان بدات، بەهادین نوری بە پاسکیلێکەوە گەڕەکە تەسک و پێچاوپێچەکانی شاری دێرینەی بەغدای تەی دەکرد بۆ رێخستنەوەی تەنزیماتە هەڵوەشاوەکەی حزبی شیوعی و ئامادەی دەکردن بۆ خۆپیشاندان و شڵەژانی شار.

گەنجە بزێوەکەی سلێمانی، لە بەغدا ناوی دەگۆڕێ بە " هاوڕێ بەها" یان " ئەبو سەلام " و ڕۆژگارێک دەبێتە تاوانباری ترسناکی ژمارە یەک لای دەوڵەتی عێراق.

لەسەروەختی سەرکردایەتی بەهادین نوریدا، چەندینجار بەهۆی خۆپیشاندانی لایەنگرانی حزبی شیوعییەوە، عێراق بەگشتیی و شاری بەغدا بە تایبەت شڵەژاوەو مەترسی ڕاستەوخۆ کەوتووەتە سەر دەسەڵات. لەو خۆپیشاندانەدا سەدان خۆپیشاندەر کوژراون.

ئەو کاتەی حزبی شیوعی گەورەترین و یەکەمین حزبی کاریگەربوو لە هەموو عێراق بە کوردستانیشەوە، بەهادین نوری سەرکردایەتی ئەم حزبەی دەکرد لەلایەک ئیدارەدانی ململانێکانی ناوخۆی حزب و لەلایەکی تر دروستکردنی مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی عێراق.

یەکەمین سکرتێری حزبی شیوعی عێراقە کە بە ڕەسمیی مافی چارەنووس و جیابوونەوەی کوردی خستە بەرنامە و کاری حزبی شیوعییەوە.

بەهادین نوری کاتێ پلەی سکرتێری حزبی شیوعی لێدەسەنرێتەوە، ساڵی ۱۹٦٦ دەکرێ بە بەرپرسی یەکەمی حزبی شیوعی لە کوردستان، زیرەکانە خۆی لەو ململانێ خوێناوییانە لا دەدات کە دەکەوێتە نێوان شۆڕشی کوردستان.... باڵی مەکتەبی و مەلا مستەفا بارزانی... لەلایەک باڵی مەکتەبی سیاسی بە خایین و لادەر ناودەبات، بەڵام ڕاستەوخۆ ئەو داوایەی مەلا مستەفا رەت دەکاتەوە بۆ کوشتنی ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال بە دەستی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی. ئەمەیش دەیکاتە کەسێکی نەویستراو و ناخۆشەویست لای بارزانی.

ساڵی ۱۹٨۳ لەکاتی روودانی کارەساتی قڕناقاو و پشتئاشان، بەهادین نوری  سەرکردایەتی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی دەکرد لەناوچەی قەرەداخ و پارێزگای سلێمانی، بەڵام ئامادە نەبوو بچێتە ژێرباری بڕیاری سەرکردایەتی حزبەکەی تا لەدەڤەرەکەی خۆی لەگەڵ پێشمەرگەکانی ی.ن.ک شەڕ بکەن، لەسەر ئەم نافەرمانییەیش سەرکردایەتی شیوعی زۆر لێی نیگەران بوون و سزایاندا.

بەهادین نوری تا دوایین رۆژەکانی ژیانی دەستبەرداری فیکرو ئایدۆلۆژیا چەپێتییەکەی و باوەڕە نەتەوەییەکەی نەبوو. بۆچوونەکانیشی بە ڕوون و ڕاشکاوانە دەردەبڕی.

چ لەگەنجێتیی و دواتر کامڵبوونی تەمەن و پاشان پیرێتیی... کە ۹۳ ساڵ ژیا، بەهادین نوری پیاوێکی دەگمەن بوو کە توانی بەبێ دەسەڵاتیش کاریگەرییەکانی خۆی وەکو سیاسییەک لەدەست نەدات. بێگومان لەو کاروانە دوورو درێژەی تەمەنیشدا هەڵە و کەموکوڕی زۆریشی هەبووە کە بۆ خۆی لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا، ئیعترافی بە هەندێکی کردووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×