ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان: بێمنەتین بەرامبەر بە پارتی لە بەشداریکردنمان حکومەتدا
  2020-12-02       534       

ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "بێمەنەتن بەرامبەر بە پارتی لە حکومەتدا بن یان ئۆپزسیۆن بن و هیچ هەڕەشەیەک لە پارتی قبوڵ ناکەن".

هۆشیار عومەر، ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "گۆڕان لەسەر بنەمای ناڕازیبوون لە حکومڕانی پارتی و یەکێتی دروستبووە"، دەشڵێت، "بە پارتیمان وتووە لە رابردوودا بۆ چاکسازی بەشداری لە حکومەت دەکەین نەک بۆ پۆست و لە ئێستادا حکومەتیش ئەو چاکسازییەی پێ ناکرێت".

راشیگەیاند، "گۆڕان بەهۆی بەشداریکردنی لە حکومەت باجێکی زۆری داوە لە ناو خەڵکدا و بەڵام بەشداریکردنمان لە حکومەت بۆ بێدەنگبوون لە قوت و مووچەی خەڵک نییە".

باسی لەوەشكرد، "پارتی نابێت بە زمانی هەڕەشە قسە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا بکات و هیچ هەڕەشەیەک لە پارتی قبوڵناکەین".

ئەوەشی خستەڕوو، "بێمنەتین بەرامبەر بە پارتی لە بەشداریکردنمان حکومەتدا و ئێمە بۆ چاکسازی لە حکومتداین، پارتی بەرپرسیاری سەرەکیە لە حکومەتدا چونکە ئەوان زۆرینەن لە حکومەت و پەرلەماندا".

ئاماژەی بەوەشكرد، "تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە گۆڕان و یەکێتی بە یەک لیست بەشداری هەلبژاردنەکاندا بکەن".

لەلایەکی دیکەوە، عەلی عەونی ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ پارتی‌ رایگەیاندووە، "دەستی یەکێتی و گۆڕان کەشفە و شەرەفمەندییە لە حکومەت بکشێنەوە و حکومەت بۆ پارتی جێبهێڵن".

باسی لەوەشکردووە، "ئه‌و حزبانه‌ له‌ لایه‌ك له‌ کوردستان لە خه‌می‌ مووچه‌ دان و له‌ لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ له‌ به‌غدا خه‌ریكن مووچه‌ ببڕن، هەرگیز ته‌پڵ لێدان و جنیۆ و قسه‌ی‌ ناشیرین كاری‌ كه‌سانی‌ موئه‌دەب نییه‌، ئه‌وان وا هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ته‌پڵ لێ بده‌ن، كه‌واته‌ هه‌ن، ئه‌و ته‌پڵ لێدانه‌یان ده‌بوو له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق بوایە نه‌ك لە كوردستان، له‌وێ مووچه‌ ده‌بڕن و لێره‌ش سینگیان دەردەپەڕێنن".

ئەوەش دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممە 30ی تشرینی دووه‌می 2020، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و دانیشتنەکە تایبەت بوو بە پرسی كۆچی گەنجان و پرۆژە یاسای پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستان و هەمواری یەكەمی زانكۆ تایبەتەكان، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ئەندامانی پەرلەمان داوایان کرد پرسە هەنوکەییەکان و پرسی مووچە بخرێتە دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە بۆیە گرژی لە نێوان بەشێک لە پەرلەمانتاران و سەرۆکایەتی پەرلەماندا دروستبوو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×