''لەسەر شەقامی 120 مەتری هه‌ولێر بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ زیانی دەیان هەزار دۆلار بەر رێگە كه‌وت''
  2020-12-02       497       


وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر وێنەی رووداوێکی هاتوچۆی بڵاوکردووەتەوە کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە بەهۆی رووداوی هاتوچۆکەوە زیانێکی ماددی زۆر کەوتووەتەوە و زیانی دەیان هەزار دۆلاریش بەر رێگەوبانەکە کەوتووە.

ئاوێنه‌: فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک وێنەکانی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، رووداوەکە کاتژمێر حه‌وتی سەر لەبەیانی ئەمرۆ لەسەر شەقامی 120 مەتری لە دەروازەی سەرکەوتن بۆ جوتسایدی بنەسڵاوە روویداوە، کە تیایدا "قەلابێکی گەورەی پڕ لە خۆڵ" بەهۆی تیژرەوییەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، کە ئۆتۆمبێلەکە بەسەر شۆستەکەدا کەوتووە و چەند ستونێکی کارەبای بەرداوەتەوە، دواتر گەڕاوەتەوە ناو شەقامەکە و چووەتە سایدی بەرامبەری و خۆی کێشاوە بەراگری رێگایەکەدا و نزیکەی 50 مەتری لە راگرەکە بەرداوەتەوە و پاشان ئینجا وەرگەڕاوە و رێگایەکەی بە تەواوەتی داخستووە، لە پاش ئەوانەش ئۆتۆمبێلەکە سوتاوە.

فازڵ حاجی، ئەوەشێ خستووەتەڕوو، کە لەئەنجامی رووداوەکە زیانێکی زۆری مادی کەوتووەتەوە و زیانێکی زۆر بەر رێگاوبان و ئۆتۆمبێەکەش کەوتووە، کە تەنها زیانی رێگاوبانەکە بەدەیان هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

فازڵ حاجی، لە کۆتاییدا پرسیارێکی ئاڕاستەی شۆفێران کردووە و نووسیویەتی، ئەو تیژرۆییە لە سەرکەوتن بۆ دەروازەیەک لەپای چییە؟ کە بەهێماکانی هاتوچۆ دیاریکراوە دەبێت زۆرترین خێرایی بۆ سەرکەوتن 50 کیلۆماتر بێت لە کاتژمێرێکدا؟.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×