لاهور شێخ جەنگی: مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق پێویستە
  2020-12-02       398       

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی لەمپانی پێشوازیكردنیدا لە وەفدێكی باڵای حكومەتی بەریتانیا، پشتیوانی خۆی بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دوپاتدەكاتەوە بەو مەرجەی ئەو بابەتە یەكلایەنە نەبێت بەڵكو هەموان هاوكارو پشتیوان بن. دەشڵێت: مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بە پێویست دەزانن.

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك رایگەیاند"لە شاری سلێمانی، پێشوازیمان کرد لە وەفدێکی باڵای حکومەتی بەریتانیا کە پێکهاتبو لە جەیمس هیپی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکان و ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و جەیمس سۆرنتۆن کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی هاوڕێیان."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لە دیدارێکدا گفتوگۆمان کرد دەربارەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و گۆڕانکاریی و پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان."

هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەشی وتوە"سوپاسمان کردن کە وڵاتەکەیان ڕۆڵی گرنگی هەبوە لە شەڕی داعش و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەڕوی مەشق و ڕاهێنان و هاوکارییە سەربازییەکان، لەئێستاشدا بەشداریی کارایان هەیە لە پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئامادەیی و پشتیوانیی تەواوی خۆمان دوپات کردەوە بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، راشمانگەیاند کە دەبێت ئەو بابەتە یەکلایەنە نەبێت بەڵکو هەموان هاوکارو پشتیوان بن و بنەمای یەکسانی لەبەرچاو بگیرێت. ئاماژەمان بە بەردەوامی هەڕەشەو مەترسی شانە نوستوەکانی داعش کرد، لەو ڕوەشەوە گرنگی مانەوەو بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان لە عێراق بە پێویست زانی."

هەروەها لاهور شێخ جەنگی جەختی لە هاوئاهەنگیی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان كردۆتەوە بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبارو دۆخێکی سەقامگیر بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتو سەرکەوتو بێت.

وتوشیەتی"باسمان لەو هەوڵانە کرد کە وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە سۆنگەی پەرۆشیمان و خزمەتکردنی میللەتەکەمان دەیخەینە گەڕ لە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×