بەرهەم ساڵح: کاتی ئەوە ھاتوە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی کەرکوک بێتەئاراوە
  2020-12-02       346       

لەمیانی پێشوازیکردنی لەشاندێکی کەرکوک، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی كەركوك كردەوە بەگوێرەی دەستورو خواستی هاوڵاتیان و پارێزگاری لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک و شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەنجومەنی عەرەبی لە کەرکوک.

لەمیانی دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری شاری کەرکوک و ئەو کێشانەی روبەڕوی دانیشتوانی شارەکە دەبێتەوەو پێویستی زامنکردنی ئاسایش و سەلامەتی و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم ھاوڵاتیانی کەرکوک.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک لە رێگەی پشتبەستن بە بەندەکانی دەستورو خواستی دانیشتوانی رەسەنی شارەکە، کە زیانی زۆریان بەرکەوتوە بەهۆی سیاسەتی سەرکوتکاری و گەندەڵی و پشتگوێخستن، بۆ ئەمەش بەرھەم ساڵح رایگەیاند، کاتی ئەوە ھاتوە کە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی کەرکوک بێتە ئاراوە کە پشتببەستێت بە خواستی کەرکوکییەکان دور لە پەراوێزخستن و جیاکاری و سەپاندنی ئەمری واقع و زامنکردنی ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی لە نێوان سەرجەم پێکهاتە جیاوزەکان.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی کرد بە پێوستی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لە نێوان پێکھاتە رەسەنەکانی کەرکوک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەبێ ئاڵۆزکردنی دۆخی شارەکە، ھەروەھا راشیگەیاند پێویستە رێگری بکرێت لەوەی کەرکوک بکرێتە گۆڕەپانێک بۆ ناکۆکی و ململانێکان، لە ھەمان کاتدا دوپاتیکردەوە لەپێویستی بەهێزکردنی ئاسایشی شارەکەو پاراستنی سەلامەتی ھاوڵاتییان و رێگریکردن لە تیرۆریستان لە تێکدانی دۆخەکەو هەڕەشەکردن لە سەقامگیری کەرکوک و خەڵکەکەی.

ھاوکات بەرهەم ساڵح جەختیکردەوە لەوەی لە پێگەی خۆیەوە چاودێری وردی دۆخەی کەرکوک دەکات و کاریش دەکات لەسەر کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان کە روبەڕوی دانیشتوانی کەرکوک دەبێتەوە لە پێناو ھێنانەدی سەقامگیری و پارێزگاری لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەو پابەندبون بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و زامنکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسیردراوەکان بە گوێرەی دەستورو خواستی کەرکوکییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×