سوپای پاسداران گروپێك چەكداری لە سنورەكانی رۆژهەڵات دەستگیركرد
  2020-12-03       556       
سوپای پاسداران دەستگیركردنی گروپێك چەكداری چەند كەسی لە سنورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان راگەیاند كە بە تیرۆرست ناوی بردون و وتویەتی چەك و كەرەستەی سەربازییان پێبووە.

ئاوێنە: پەیوەندییە گشتییەكانی بڕیارگەی حەمزە سەیدولشوهەدای هێزی زەوینی سوپای پاسداران لە ڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاند “توانیویانە لە ئۆپراسیۆنێكی دژواردا 3 تیرۆریستی دژە شۆڕش لە سنوری ئازەربایجانی ڕۆژاوا دەستگیر بكەن كە دەیانەویست كردەوەی تیرۆریستی لە وڵات ئەنجام بدەن”.

راشیگەیاندووە، سوپای پاسداران ڕێژەیەكی زۆر چەك و تەقەمەنی لەو تیرۆریستانە دۆزیوەتەوە و دەستی بەسەردا گرتووە.

راگەیەنراوەكەی سوپای پاسداران شوێنی دیاریكراوی دەستگیركردنی ئەو گروپە چەكدارە و ناسنامەكەیانی ئاشكرا نەكردووە.

ئەو ناوچەیە چەند ساڵێكە هێزەكانی پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران تێیدا چالاكن لە ناوچە سنورییەكان و دیوی نێوخۆی رۆژهەڵات چالاكی سەربازی دژی سوپای پاسداران ئەنجام دەدات، سوپای پاسداران بە دژە شۆڕش ناویان دەبات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×