8 كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتى تایبه‌ت به‌كه‌مئه‌ندامان چه‌ند داواكاریه‌ك ئاراسته‌ى حكومه‌ت ده‌كه‌ن
  2020-12-03       300       
له‌ڕۆژى جیهانى كه‌مئه‌نداماندا كۆبونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری‌و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێرو به‌ئاماده‌بونى 8 كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتى تایبه‌ت به‌كه‌مئه‌ندامان به‌ڕێوه‌چوو، دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ش ڕاگه‌یه‌نراوێكى هاوبه‌ش بڵاوكراوه‌، هه‌روه‌ك داوا له‌حكومه‌تى هه‌رێم كراوه‌ ساڵى 2021 به‌ساڵى كه‌مئه‌ندامان بناسێندرێت‌و بودجەیەك بۆ چارەسەری كێشەكانی كەمئەندامان دابندرێت.

ئاوێنە: به‌گوێره‌ى ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌ ئاماژه‌ كراوه‌ به‌وه‌ى، بەسەرپەرشتی یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری‌و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر كۆبونەوەیەك لەگەڵ كۆمەڵەو ڕێكخراوەكانی كەمئەندامان بەڕێوەچوه‌و شه‌ش داواكارى ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم‌و یه‌كێتیی‌و كۆمه‌ڵه‌كانى تایبه‌ت به‌كه‌مئه‌ندامان كراوه‌.

ده‌قى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی كەمئەندامان‌و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، چه‌ند داواكاریه‌ك ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم كرا كه‌ بریتین له‌:

1ـ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانه‌وه‌ ساڵی ۲۰۲۱ بەساڵی كەمئەندامان بناسێندرێت‌و بودجەیەك بۆ كاروچالاكی‌و چارەسەری كێشەكانی كەمئەندامان دابندرێت.

2ـ پێداچونەوەی ورد بەیاساو ڕێنماییەكانی كەمئەندامان بكرێت بەشێوەیەك ماف‌و داخوازییەكانی كەمئەندامان بەتەواوی دەستەبەربكرێن.

3ـ پرسی كەمئەندامان تەنها لەچوارچێوەی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كۆنەكرێتەوەو هەریەك لەوەزارەتی پلاندانان، دارایی، شارەوانی، گواستنەوەو گەیاندن، پەروەردە، تەندروستی، وەرزش‌و لاوان‌و وەزارەت‌و دامودەزگاكانی تر خزمەتی زیاتری توێژی كەمئەندامان بكەن.

4ـ ئەنجومەنێك پێكبهێندرێت‌و سەرجەم كۆمەڵەو ڕێكخراوەكانی تایبەت بەكەمئەندامان تێیدا ئەندامبن‌و ئەندامەكان بەشێوەی خولی سەرۆكایەتی ئەم ئەنجومەنە بكەن.

5ـ سیستەم‌و میكانیزمی گونجاو دابندرێت بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان ڕێكخراوە نێوخۆییەكان، ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان‌و دامودەزگاكانی پەیوەندیداری حكومەت بەكاروباری كەمئەندامان‌و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان.

6ـ ڕاگەیاندن ڕۆڵی زیاتر بگێڕێت لەئاشناكردنی تاكەكانی كۆمەڵگا بەماف‌و ئیمتیازاتی توێژی كەمئەندامان‌و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان.

كۆبونەوە لەدیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەولێرو بەئامادەبونی كۆمەڵەی ژینی كوردستان بۆ كەمئەندامی دەست‌و پێ‌، كۆمەڵەی كورتە باڵاكانی كوردستان، كۆمەڵەی بیركۆڵانی كوردستان، كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان، كۆمەڵەی هیمۆفیلیای كوردستان، كۆمەڵەی تالاسیمیای كوردستان، كۆمەڵەی نابیستانی كوردستان‌و یەكێتی نابینایانی كوردستان بەڕێوەچوو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×