قوباد تاڵەبانی: یاساكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و باری كەسێتی پێویستیان بە هەمواركردنەوەیە
  2020-12-03       347       

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و یاسای باری كەسێتی پێویستیان بە هەمواركردنەوە هەیە و دەشڵێت، پێویستە ڕێگەنەدرێت لە ڕێی سوڵحی عەشایەری بكوژرانی ژن لە سزای یاسایی دەربازبن.

ئاوێنه‌: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی كانونی یەكەم وتی، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی كە لە ساڵی 2011 دەرچووە سەرەڕای لایەنە باشەكانی لە ئێستادا پاش تێپەڕبوونی نۆ ساڵ دەردەكەوێت وەڵامدەرەوەی هەندێك لەو كێشانەی ئەمڕۆ نییە.

قوباد تاڵەبانی وتیشی، “یاساكە وەك چۆن لایەنی باشی هەیە، لاوازی و كەموكوڕی هەیە و لە ئێستادا پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە”.

ئەوەشی خستەڕوو، یاسای باری كەسێتی-ش بەهەمان شێوە پێویستی بە هەمواركردنەوەیە.

ئەو وتانەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ لەمیانەی بەشداریكردنیدا بوو لە كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاریی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان كە لە هەولێر لەژێر ناونیشانی (پرسی ژنان و ئاستەنگەکانی جێبەجێکردن لە یاساکاندا) بەڕێوەچوو.

قوباد تاڵەبانی بەپێویستیشیزانی دەسەڵات و ڕێكخراوەكان و دادوەر و چالاكوانان، هەوڵەكانیان یەكبخەین بۆ دیاریكردنی كەموكوڕییەكانی یاساكان و هەنگاونان بۆ هەمواركردنەوەیان.

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، سەرەڕای ئەو كەموكوڕییانە ئاشكرایە كە ڕەخنەش هەیە لە شێوازی جێبەجێكردنی یاساكان.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد كە لەكاتی بڕیارداندا بۆچوونی شەخسی دادوەر نابێت زاڵ بێت و لەو ڕوەوە هەندێكجار گلەیی لە دادوەران هەیە، هەروەها “گلەیی ئەوە هەیە كە لێكۆڵەرەكانی داد گوێ بەو ڕاپۆتانە نادەن كە لەلایەن بنكەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی بەرزدەكرێنەوە”.

ئەوەشی وت، گلەیی دیكە هەیە كە پڕۆسەی دادگایی بە خاویی بەڕێوەدەچێت، كە وادەكات ژنان پاشگەزببنەوە لە داواكارییەكان.

جێگری سەرۆكی حكومەت تیشكی خستەسەر ئەوەش كە “لێرە و لەوێ فشار هەیە لەسەر دادگاكان و دەسەڵاتی دادوەری”، بەڵام لەپێناو هێنانەدی كۆمەڵگایەكی تەندروست “پێویستە دادوەران خۆراگربن لە بەرامبەر فشارەكاندا و ڕێگەنەدرێت لە ڕێی سوڵحی عەشایەری بكوژرانی ژن لە سزای یاسایی دەربازبن”.

دوپاتیشیكردەوە، هیچ چارەیەكمان نییە جگە لە دۆزینەوەی كەموكوڕییەكان و ڕاستگۆیانە باشتركردنی، هەروەها پێویستە كارێكیش بكەین یاساكان وەك خۆیان جێبەجێ بكرێت. بەمەش جگە لەوەی شكۆی دادگا و دەسەڵاتی دادوەری دەپارێزین، هەنگاو دەبێت بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی خێزانی و ئەوكات دەتوانین هەرێمەكەمان بكەین بە نمونەیەكی جوانتری عێراق و ناوچەكە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×